سوپای ئیسرائیل داوا لە هاووڵاتییانی ئێران دەکات، لە دەوروبەری دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی چەک دوور بکەونەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ی 06ی 2025، سوپای ئیسرائیل لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، پەیامێکی بەپەلەی بە زمانی فارسی بۆ هاووڵاتییانی ئێران بڵاو کردووەتەوە و داوایان لێ دەکات، لە نزیک دامەزراوەکانی بەرهەمهێنانی چەک دوور بکەونەوە، بۆ ئەوەی ژیانیان نەکەوێتەوە مەترسییەوە.
هاوکات میدیاکانی ئێران بڵاویان کردووەتەوە بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ی 06ی 2025، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل چەند پێگەیەکی سەربازی لە شاری شیرازی سەر بە پارێزگای فارس، لە ڕۆژئاوای ئێران بۆمباران کردووە.
هەرچی ئەمەریکاشە، چەند جارێک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەو وڵاتە ڕایگەیاندووە، ئیسرائیل بە تاک لایەنە هێرشی کردووەتە سەر ئێران و بە هیچ شێوەیەک بەشدارییان نەکردووە، بەڵام دەتوانن لە ماوەیەکی کەمدا شەڕی نێوان هەردوو وڵات بوەستێنن.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش بەردەوام داوا لە بەرپرسانی ئێران و ئیسرائیل دەکات دان بەخۆیاندا بگرن و شەڕەکە زیاتر فراوان نەکەن، بەڵام تا ئێستا هیچ لایەکێیان ئاماژەیان بە کۆتاییهاتنی شەڕەکە نەکردووە. هاوکات میدیاکانی ئەمەریکا لەسەر زاری چەند بەرپرسێکی کۆشکی سپی ڕایانگەیاندووە، چاوەڕێ دەکرێت شەڕی تاران و تەلئەڤیڤ چەند هەفتەیەک بخایەنێت، نەک چەند ڕۆژێک.