سوودانی: لەگەڵ ئەردۆغان لەبارەی دۆسیەی ئاو رێککەوتین
  • TEBA KURDİ
  • عێراق
  • سوودانی: لەگەڵ ئەردۆغان لەبارەی دۆسیەی ئاو رێککەوتین

سوودانی: لەگەڵ ئەردۆغان لەبارەی دۆسیەی ئاو رێککەوتین

نیسان 22, 2024 20:59
سوودانی: لەگەڵ ئەردۆغان لەبارەی دۆسیەی ئاو رێککەوتین
0

لایک

سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و سه‌رۆككۆماری توركیا جه‌خت له‌سه‌ر پێشخستنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان ده‌كه‌نه‌وه‌ و رێككه‌وتننه‌ نوێیه‌كانی نێوانیشیان به‌ ده‌ستكه‌وت و وه‌رچه‌رخان له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی عێراق و توركیا و گه‌لان و نه‌ته‌وه‌كانی ناوچه‌كه‌ ناو ده‌بن.

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 22ـی نیسانی 2024 محه‌ممه‌د شییاع سوودانی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق له‌ كۆنفرانسێكی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان، سه‌رۆككۆماری توركیا رایگه‌یاند، مێژووییه‌كی هاوبه‌شی دوورودرێژ له‌ نێوان عێراق و توركیادا هه‌یه‌، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا زیاتر له‌ 20 رێككه‌وتنیان له‌ باره‌ی پڕۆژه‌ی ڕێگه‌ی گه‌شه‌پێدان و ئاو و چه‌ند بابه‌تێكی دیكه‌ واژۆ كردووه‌.

سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌یش راكێشا، ڕێككه‌وتنه‌كه‌یان له‌گه‌ڵ توركیا سه‌باره‌ت به‌ ئاو و رێگه‌ی گه‌شه‌پێدان بۆ ماوه‌ی 10 ساڵ به‌رده‌وام ده‌بێت.

وتیشی، ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ ده‌بێته‌ پردێك و نه‌ته‌وه‌ و كولتووره‌كانی ناوچه‌كه‌ له‌ یه‌كدی نزیك ده‌كاته‌وه‌ و به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌یانبه‌ستێته‌وه‌ و به‌شێك ده‌بێت له‌ سه‌قامگیری.

روونیشی كرده‌وه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌رۆككۆماری توركیادا جه‌ختیان له‌ هاریكاریی دووقۆڵی كردووه‌ته‌وه‌ نه‌خاسمه‌ بۆ سه‌قامگیری زیاتری ناوچه‌كه‌. گوتیشی، ڕێگه‌ به‌ هیچ هێزێكی چه‌كدار ناده‌ن له‌ خاكی عێراقه‌وه‌ هێرش بكاته‌ سه‌ر توركیا كه‌ به‌ هه‌مان شێوه‌ ڕێگه‌ به‌ پێشێلكردنی سه‌روه‌ری عێراقیش ناده‌ن.

له‌ لای خۆیه‌وه‌ ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان ڕایگه‌یاند، په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ توركیا له‌سه‌ر بنه‌مای رێزی هاوبه‌ش و دراوسێیه‌كی باش و دوولایه‌نه‌ دامه‌زراوه‌ و له‌ سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ به‌غدا جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه‌ كردووه‌ته‌وه‌.

هه‌روه‌ها سه‌رۆككۆماری توركیا ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، ڕێككه‌وتنه‌كانی ئه‌مڕۆ واژۆیان كردووه‌، ده‌بێته‌ خاڵی وه‌رچه‌رخان له‌ نێوان توركیا و عێراق.

ئه‌ردۆغان وتیشی، رێككه‌وتنه‌كان ده‌بێته‌ هه‌وڵێكی نوێ بۆ ڕێگه‌گرتن له‌ تیرۆر و سه‌پاندنی سه‌قامگیری و ده‌رفه‌ت بۆ زیاتركردنی بازرگانی، په‌روه‌رده‌، ته‌ندروستی، ئاسایش، كشتوكاڵ و كه‌رته‌ جیاوازه‌كانی دیكه‌ ده‌ڕه‌خسێنێت.

سه‌رۆككۆماری توركیا باسی له‌وه‌ش كرد، كار ده‌كه‌ن بۆ به‌هێزكردنی ژێرخانی په‌یوه‌ندییه‌كان و هاوبه‌شی زیاتر په‌یدا بكه‌ن و جه‌خت له‌سه‌ر په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان ده‌كه‌نه‌وه‌.

سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا له‌ كۆبوونه‌وه‌كانیدا له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عێراق جه‌ختیان له‌سه‌ر رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و “رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كانی وه‌ك په‌كه‌كه‌” كردووه‌ته‌وه‌.

روونیشی كرده‌وه‌، به‌تیرۆریستناساندنی په‌كه‌كه‌ ئاواتێكی ئه‌وه‌ و پێویستییه‌كی په‌یوه‌ندییه‌كانیانه‌ له‌گه‌ڵ عێراق و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ئاماده‌ن هه‌موو هاوكارییه‌ك پێشكه‌ش به‌ به‌غداد بكه‌ن.

En az 10 karakter gerekli