مەسعود پزیشکیان، سەرۆك كۆمار ئێران ڕایگەیاند، هەستێكی خۆشی هەبووە كاتێك سەردانی بەسرە و هەرێمی كوردستانی عێراقی كردووە و هەردولا دەتوانن پەیوەندیەكی باشیان هەبێت و بڕیاریانداوە هاوكاری یەكتربن، هەروەها لەبارەی ناردنی مووشەك بۆ ڕووسیا و یەمەن دەڵێت، ” ئەگەری ئەوە هەیە لە ڕابردوودا ڕوویدابێت، بەڵام لەوەتەی دەستبەکاربووم هیچ مووشەكێك بۆ ڕووسیا نەنێردراوە و یەمەنیەكانیش خۆیان خاوەنی تەكنەلۆژیای پێشكەوتوون”.
مەسعود پزیشکیان، لە میانی دیدارێكدا لەگەڵ میدیاكانی وڵاتەكەی ئەمڕۆ دووشەممە ڕایگەیاند، تاران هەرگیز دەستبەرداری بەرنامەی مووشەکی خۆی نابێت، چونکە بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆیەتی لە ناوچەیەکدا، ئیسرائیل بتوانێت ڕۆژانە مووشەک ئاراستەی غەززە بكات، پێویستی بە ئامرازە بۆ ڕاگرتنی.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەگەر بتوانن کێشەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دیكە چارەسەر بکەن، لەوانەش ڕێککەوتنی ئەتۆمی، ئەوا بە خەڵكی وڵاتەكەی دەگەنە خۆشگوزەرانی
مەسعود پزیشكیان لەبارەی سەردانەكەی بۆ هەرێمی کوردستان-عێراق دەڵێت، “هەستێکی زۆر خۆشمان هەبوو لە بەسرە و کوردستان، مەسعود بارزانی لە مەهابادی ئێران لەدایکبووە، منیش لە مەهاباد لەدایکبووم، ئەو مەسعودە و منیش مەسعودم، دەتوانین پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەبێت، بڕیاردرا هەردولا بە سەلامەتی بمێننەوە و هاوکاری یەکتر بکەن، ئەمریکا دەیەوێت ئێمە شەڕ بکەین، بەڵام ئەگەر ژیر بین شەڕ ناکەین.”
باسی لەوەشكرد، نێوەندگیریی چین لە نێوان ئەوان و سعوودیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەنگاوێکی گەورە بوو بۆ باشترکردنی هاودەنگی لە ناوچەکەداو هەوڵی بەهێزکردنی پەیوەندیەكانیان دەدەن لەگەڵ سعودیە و میسر و ئوردن، هەروەها پەیوەندییەکانیان لەگەڵ چین و ڕووسیا و وڵاتانی دراوسێدا باشە و هەوڵدەدەن باشتری بکەن.
لەبارەی پەیوەندیەكانی ئێران و چینەوە مەسعود پزیشكیان دەڵێت، “ئەوان بەهاوبەشێكی ستراتیژی دەبین و لەگەڵ چین و کارکردن بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکانی نێوانیان و هەردولا دەمانەوێت كار بكەین بۆ جێبەجێكردنی ڕێگای ئاوریشم”.
پزیشكیان دەشڵێت، “هەوڵدەدەین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ باشتر بکەین و پێشوازی لەهەر هەنگاوێك دەكەن بۆ باشتركردنی، لەوچوارچێوەیەدا بانگێشتنامەیەكی بۆ محەمەد بن سەلمان شازادەی جێنیشینی سعودیە ناردووە بۆ ئەوەی سەردانی تاران بكات و ئەگەر درفەت هاتەپێش ئەوانیش سەدانی سعودیە دەكەن”.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئێران مووشەکی ناردووە بۆ ڕووسیا، پزیشكیان دەڵێت، “ئەگەری ئەوە هەیە لە ڕابردوودا ڕوویدابێت، بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە کە لەوەتەی دەستبەکاربووم، هیچ شتێكی لەو شێوەیە ڕووی نەداوە و ئێران مووشەكی بۆ نەناردووە”.
ئەوەشی خسەتەڕوو، “ئەولەویەتی كارەكانمان دابینکردنی ڕێكاری گونجاوە بۆ وەبەرهێنان لە وڵاتدا و باشترکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانمانە، هەروەها لەسەر بنەمای ژیری و بەرژەوەندی وڵات درێژە بە سیاسەتی دەرەوە دەدەین”.
مەسعود پزیشكیان ڕوونیكردەوە، “هاوپەیمانەکانمان بە تایبەت لە یەمەن خاوەنی تەکنۆلۆژیای پێویستن بۆ بەرهەمهێنانی مووشەکی پێشکەوتوو، ئەو مووشەکانەی کە یەمەنییەکان خاوەنیانن، دەرئەنجامی هەوڵەکانیانە و ئەو مووشەکەش کە لە هێرشەکەی دوێنێدا بەکارهێنراوە (بۆ سەر تەلئەبیب) خاوەنی تەکنەلۆجیای پێویستن كە لە ئێراندا بوونیان نییە، هەرچەندە ئێمە مووشەکی هایپەرسۆنیکمان هەیە، بەڵام هەفتەیەک دەخایەنێت تا دەگاتە یەمەن، کەواتە چۆن دەتوانین مووشەکێک بۆ ئەوێ بنێرین بەبێ ئەوەی کەس بزانێت؟”.
سەبارەت دۆسییە ناوخۆییەکان، مەسعود پزیشكیان دەڵێت، “یەکێک لەپڕۆژە گەورەکانم بەهێزکردنی یەکێتی و یەکگرتوویی نێوان چین و توێژەکانی کۆمەڵگەی ئێرانە و بۆ من زۆر گرنگە متمانەی خەڵک بەرامبەر حکومەت بەهێزتر بکەم”.