ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند، وڵاتەكەی ئاگاداری ڕووداوەكەی لوبنان نییە و خەریكی كۆكردنەوەی زانیارین لەسەر تەقینەوەكانی ئەو وڵاتە، هەروەها دەشڵێت، “پێویسته هەموو لایەنەكان هەنگاوێك نەنێن كە ببێتە هۆی پەرەسەندنی ململانێكان”.
ئەنتۆنی بلینکن ئەمڕۆ چوارشەممە لەمیانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا بە هاوبەشی لەگەڵ بەدر عەبدولعاتی هاوتا میسریەكەی لە قاهیرە ڕایگەیاند، وڵاتەکەی لە هێرشەکەی ئەم دواییەی لوبنان ئاگادارنییە و هێشتا خەریکی کۆکردنەوەی زانیارییە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوان ناتوانن باسی کاریگەریی زنجیرە تەقینەوەی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن لە لوبنان لەسەر حزبوڵای و ئۆپەراسیۆنەکانی بکەن.
ئەنتۆنی بلینکن باسی لەوەشكرد، “پێویستە هەموو لایەنەکان خۆیان لە گرتنەبەری هەنگاوێك بەدووربگرن كە ببێتە هۆی پەرەسەندنی ململانێکان”.
لەبارەی ڕێككەوتنی ئاگربەست لە غەززە، ئەنتۆنی بلینکن دەڵێت، “هەموومان دەزانین ئاگربەست باشترین دەرفەتە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی مرۆیی لە غەززە و لەگەڵیدا چارەسەرکردنی ئەو مەترسیانەی کە هەن و كار لەسەر سەقامگیری ناوچەکە دروست دەکەن”.
ئەوەشی خستەڕوو، چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە لە ڕێککەوتنی پێشنیارکراوی ئاگربەست لە غەززەدا ماونەتەوە، زیاتر لە هەموو شتێک پێویستی ئیرادەی سیاسییە.
ئەنتۆنی بلینکن ڕوونیكردەوە، ئاگربەست یارمەتی ئاوارەکان دەدات بۆ گەڕانەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان لە باکووری غەززە، لەگەڵ هاوتا میسریەکەی پلانەکانی پەیوەست بە ئاگربەستیان لە غەززەیان تاوتوێ کردووە، جەختیشی لەوە کردەوە کە میسر هاوبەشێکی گرنگە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە سەردانێکی خێرا گەیشتە قاهیرە و لهمیانی سهردانهكهیدا بە تایبەتی هەوڵەکانی گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە تاوتوێ دەکات.
ئەوە لەكاتێكدایە ماتیۆ میلەر، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند، وڵاتەكەی ئاگاداری تەقینەوەی ئامێرە بێتەلەكانی لوبنان نییە و دەستی لەوكارەدا نەبوە.
د. فیراس عەبیاد، وەزیری تەندروستی لوبنان ڕایگەیاند، ژمارەی ئهوانه له تەقینەوەی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن گیانیان لهدهستداوه بۆ 12 كهس بەرزبوەتەوە، کە دو منداڵیان لەناودایە و نزیکەی دو هەزار و 800 کەسیش بریندارن، كە 300 كەسیان برینەكەیان سەختە.