کۆبوونەوەی هەردوو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی لە هەولێر کۆتایی هات و سەرۆک فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتیش دەڵێن، لەبارەی سەرجەم خاڵەکانی تایبەت بە هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان رێککەوتوون و داواشیان لە یۆنامی کردووە، رای فەرمی خۆیان لەوبارەوە پێیان رابگەیەنن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 5ـی نیسانی 2023، هەردوو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتی لە بارەگای دەزگای هەڵبژاردنی پارتی لە شاری هەولێر کۆبوونەوە، دواتر هەر یەکە لە زانا مەلا خالید، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان-عێراق، کە هەردووکیان ئەندامی شاندەکان بوون، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشیان سازکرد.
سەرەتا، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان-عێراق لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، “لەگەڵ شاندی یەکێتی گفتوگۆمان کرد لەبارەی ئەو بڕگانەی کە لە رابردوودا رێککەوتنمان لەسەر کردبوو” و دەڵێت: لەسەر هەموو ئەو خاڵانە لەگەڵ یەکێتی رێککەوتووین کە پێویستن بۆ هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و هیچ خاڵێکی ناکۆکمان نەماوە.
لەبارەی کورسی پێکهاتەکانیشە، کە دەگوترێت پارتی و یەکێتی ناکۆکییان لەسەر هەیە، زانا مەلا خالید وتی: ئێمە و یەکێتی هەردووکمان کۆکین لەسەر ئەوەی پێکهاتەکان، پێکهاتەکانی رەسەنی کوردستانن، مافی خۆیانە را و تێبینی خۆیان لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردن هەبێت. پێشتر گفتوگۆمان لەبارەی سەرنج و تێبینییەکانیان کردووە و لەم کۆبوونەوەشدا تاوتوێی ئەو سەرنجانەمان کرد.
هشاندێکی یۆنامی بەشداری لە کۆبووەنەوەی ئەمڕۆی هەردوو دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و یەکێتیدا کردبوو، بەوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، داویان لەو شاندەی یۆنامی کردووە، رای فەرمی خۆیان لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە پارتی و یەکێتی رابگەیەنن.
هاوکات باسی لەوەشکرد، بۆ ئهوهی لهسهر پرسی پێكهاتهكان بگهنه رێككهوتن و رای ههردوولا و رای پێكهاتهكانیش جێگهی ببێتهوه داوامان له نهتهوه یهكگرتوهكان كرد رای خۆیان به فهرمی بدهنه ههردوولامان له چهند رۆژی ئایندهدا كه رایهكی پێشنیاركراو دهبێت لهسهر بنهمای ئهم كۆبوونهوانهی كه كراون.
لەلایەکی دیکەوە، زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا وتی، لەگەڵ پارتی رێککەوتوون بەیەکەوە یاسای هەڵبژاردنەکان هەموار بکەنەوە و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کارا بکەنەوە و کۆبوونەوەکانی نێوانیان بەردەوام دەبن تاوەکو بتوانن یاسایەکی باش لەبارەی هەڵبژاردنەوە پەسەند بکەن.
زیاد جەبار وتیشی، دەرچوواندنی هـەر یاسایەک پێویستی بە ژمارەیەک وردەکاری هەیە، ئەگەر نا لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی سەرجەم خاڵەکان رێککەوتوون و خاڵی ناکۆکیان نەماوە. ئاماژەی بەوەشکرد، هیوادارن کێشەی کورسی پێکهاتەکانیش چارەسەر بکرێت.
وەک زیاد جەبار دەڵێت، “پێکهاتەکان لە هەموو پرسەکاندا را و بۆچوونی خۆیان هەیە و بە رێزەوە بۆچوونەکانیان وەردەگیرێت.”