نیکۆس کریستۆدۆلیدس سەرۆککۆماری قوبرس دەڵیت، ئێران داوای لێ کردوون پەیامێک بگەیەننە ئیسرائیل و دەشڵێت: “ئێمە ئەو کارەیان بۆ ئەنجام دەدەین”.
رۆژی یەکشەممە 15ی حوزەیران، نیکۆس کریستۆدۆلیدس، سەرۆککۆماری قوبرس لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “بڕیارە بە تەلەفۆن پەیوەندی بە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە بکەم و وەزیری دەرەوەی قوبرسیش داوای کردووە لیژنەی کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجام بدات”.
سەرۆککۆماری قوبرس وتی: “ئێران داوای لێکردووم هەندێک پەیام بگەیەنمە ئیسرائیل، بۆیە ئەمڕۆ لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە بنیامین نەتەنیاهۆوە دەکەم و لەوبارەوە گفتوگۆ دەکەین”.
نیکۆس کریستۆدۆلیدس دەڵێت، بڕیاربوو شەوی رابردوو پەیوەندی بە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلەوە بکات بۆ گەیاندنی پەیامەکەی ئێران، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزی دۆخەکەوە بە گونجاوی نەزانیوە”.
سەرۆککۆماری قوبرس بەبێ ئەوەی ئاماژە بە ناوەڕۆکی پەیامەکەی ئێران بۆ ئیسرائیل بدات، دووپاتیکردەوە: “بڕیارە دوای پەیوەندیکردن بە نەتەنیاهۆ، لەگەڵ عەبدولفەتاح سیسی، سەرۆککۆماری مسر و ئۆرسۆلا فۆندرلاین، سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپاش گفتوگۆ بکەم”.