تەندروستی سلێمانی یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون راگەیاند
  • TEBA KURDİ
  • رۆژەڤ
  • تەندروستی سلێمانی یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون راگەیاند

تەندروستی سلێمانی یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون راگەیاند

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، تۆمارکردنی یەکەم حاڵەتی توشبوون بە تای خوێنبەربوون پشتڕاستدەکاتەوە و راشیدەگەیەنێت، ئەو توشبووە مامەڵەی راستەوخۆی لەگەڵ ئاژەڵدا هەبووە و دانیشتوی قەزای چوارقوڕنەیە لەسنوری ئیدارەی راپەڕین.

ته‌مموز 6, 2023 18:11
تەندروستی سلێمانی یەکەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون راگەیاند
0

لایک


سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، یەکێک لەو نەخۆشانەی گومانی تای خوێنبەربوونمان لێدەکرد، ئەنجامی پشکنینەکەی بەئەرێنی هاتووەتەوە و هەڵگری ڤایرۆسەکەیە.

وتیشی، “ئەو نەخۆشە دانیشتووی چوارقوڕنەیە و سەربە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی ئیدارەی راپەڕینە و تەمەنی 45 ساڵە و رەگەزی مێیە، وەک خانەوادەکەیان پیشەیان بەخێوکردنی ئاژەڵی خۆماڵیە، پێشتریش ئێمە رامانگەیاندبوو کە ئەو کەسانەی مەترسیان لەسەرە توشی ئەم نەخۆشیە بن ئەوانەن مامەڵەی راستەوخۆیان لەگەڵ ئاژەڵ هەیە، ئەم توشبووەش مامەڵەی راستەوخۆی لەگەڵ ئاژەڵ هەیە”.

لەبارەی پشکنین بۆ کەسوکاری ئەو توشبووە، سەباح هەورامی وتی، ” رێکاری تایبەتی خۆی هەیە و بەدواداچوون بۆ هەموو بەرکەوتنەکانی ئەم نەخۆشە هەیبووە دەکرێت، پشکنینيش بۆ هەمو کەسوکارەکەی بۆکراوە و هیوادارین ئەنجامی پشکنینەکانیان پاک بێت”.

باسی لەوەشکرد، “هەموو رێکارێکی پێویست بۆ ئەو نەخۆشە گیراوەتەبەر، راستە چەند قۆناغێکی تای خوێنبەربوونی تێپەڕاندوە و گەیشتوەتە حاڵەتی خوێنبەربوون، بەڵام ئێستا دۆخی تەندروستی جێگیرە و لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدایە”.

سەبارەت بەچارەسەرکردنی توشبووانی تای خوێنبەربون، وتی، “ئەو نەخۆشانەی تایان هەیە و نیشانەکانی خوێنبەربوونیان هەیە دەخرێنە ژێر چاودێری وردەوە و جیایان دەکەینەوە لە نەخۆشەکانی دیکە تا ئەنجامی پشکنینەکەیان دەردەچێت”.

ئەوەشی رونکردەوە، “نەخۆشی دیکە هەیە نیشانەکانی تای خوێنبەربوونیان هەیە، بەڵام مەرج نیە توشبووی ئەو نەخۆشیە بن، هاوشێوەی ئەوەی نیشانەکانی نەخۆشی کۆلێرا سکچوون و رشانەوەیە، بەڵام هەمو سکچوون و رشانەوەیەک مەرج نیە کۆلێرا بێت”.

د. سەباح هەورامی راشیگەیاند، “بەچاودێری وەزارەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندی راستەوخۆمان لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراق هەیە، هەمو رێکار و راسپاردەکان وەردەگرین، ئەگەر پێویستی بەهەر چارەسەرێک هەبێت و لەپارێزگانی عێراق کرابێت، بۆ سلێمانیش دەکرێت”.

لەبارەی چارەسەری توشبوانی تای خوێنبەربون، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئاشکرایکرد، “ئەو چارەسەرەی ئێمە باسی دەکەین بنبڕکەر نیە، ئەم چارەسەرە بەکاردەهێندرێت بۆ ڤایرۆس، مەرج نیە ئەو نەخۆشەی ئەم چارەسەرە وەردەگرێت سودی لێ ببینێت و چاکببێتەوە”.

En az 10 karakter gerekli