وەزیری دەرەوەی عێراق دوای تەوابوونی کۆبوونەوەی بەرپرسانی کورد لە بەغداد رایگەیاند؛ کێشەی مووچەی مانگی حەوت چارەسەر بووە و ئاماژەی بەوەشکرد کە نوێنەرانی کورد پێکەوە کاردەکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
د.فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، لە کۆبوونەوەکەدا پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تاوتوێکراوە و بڕیاردراوە کە هەموو نوێنەرانی کورد پێکەوە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی بکەن.
وتیشی:” مووچەی مانگی حەوت چارەسەربووە و لەم رۆژانەدا دابەش دەکرێت و مووچەی مانگیش هەشتیش هەوڵدەدەین بەمزووانە چارەسەر بکرێت”.
روونیشیکردەوە، کە کێشەکان چارەسەر دەکرێن، بەڵام کێشە هەیە بە هەفتەیەک چارەسەر دەبێت و کێشەش هەیە بە دوو مانگ چارەسەر دەبێت، بەڵام بۆ چارەسەری کێشەکان کات دیاریکراوە.
لای خۆیشییەوە شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند؛ جیاوازییەکانی نێوان وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و وەزارەتی دارایی هەرێم کەمبووەتەوە و هەندێک کێشەی بچووک ماوە.
لەبارەی پارەی جوتیارانی هەرێمەوە ئاماژەی بەوەکرد، نووسراو بۆ سەرۆک وەزیران کراوە و سوودانی بڕیاریدا بە خەرجکردنی پارەی جوتیارانی هەرێم.