ئەمڕۆ پێنجشەممە 13-04-2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم پێشوازی لە شاندێکی ئیماراتی کرد، بە سەرۆکایەتی عەبدوڵڵا ناسر لوتاهـ، جێگری وەزیری کاروباری ئەنجومەنی وەزیرانی ئیمارات.
لە دیدارەکەدا سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە پەیوەندی دۆستانە و تایبەتی نێوان هەرێم و دەوڵەتی ئیمارات کرد و سوپاس و پێزانینی حکومەتی هەرێمی بۆ هەردوو خاوەنشکۆ شێخ محەمەد بن زاید و شێخ محەمەد بن راشد سەرۆک و جێگری سەرۆکی ئیمارات دەربڕی بۆ پشتیوانیی و پشتگیریی بەردەوامیان لە هەرێمی کوردستان.
جێگری وەزیری کاروباری ئەنجومەنی وەزیرانی ئیمارات خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی هەرێم نیشاندا و جەختی لەوەکردەوە کە هەرێم، شوێنێکی تایبەتی لە لای سەرکردایەتی ئیمارات هەیە و ئامادەیی وڵاتەکەشی بۆ هەموو هاوکاری و هەماهەنگییەک لەگەڵ حکومەتی هەرێم دووپاتکردەوە.