سوودانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا ئیسپانییەکەی دوایین پەرەسەندنی بارودۆخی ئەمنی ناوچەکەیان تاوتوێ دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، ٩ی ئاداری ٢٠٢٦، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ پیدرۆ سانچێز، هاوتا ئیسپانییەکەی، دوایین پەرەسەندنی بارودۆخی ئەمنی ناوچەکە و لێکەوتەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لەسەر ئاسایشی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی و زنجیرەی دابینکردنی جیهانی تاوتوێ کرد.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەردوولا جەختیان لە گرنگی یەکخستنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان کردەوە بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی گرژییەکان و پەنابردن بۆ دیالۆگی بنیادنەر وەک باشترین ڕێگە بۆ ڕێگریکردن لە فراوانبوونی ململانێکان و پاراستنی سەقامگیری.
نووسینگەکە ئەوەشی خستەڕوو، هەروەها هەردوو وڵات ڕێککەوتن لەسەر کارکردنی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی دانیشتنێکی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە مەبەستی تاوتوێکردنی تێکچوونی دۆخەکە و سنووردارکردنی مەودای شەڕ.
وتیشی، سوودانی هۆشداری دا کە بەردەوامی ئەم پەرەسەندنانە دەبێتە هۆی پشێوی و گەشەکردنی توندڕەوی کە تەنها ناوچەکە ناگرێتەوە، بەڵکو دەگاتە ئەوروپاش؛ لای خۆیەوە سانچێز ستایشی هەوڵەکانی عێراقی کرد بۆ دۆزینەوەی چارەسەری ئاشتییانە و دادپەروەرانە بۆ کێشەکان.