حکوومەتی فیدراڵی ئەمریکا لە کار کەوت

حکوومەتی فیدراڵی ئەمریکا لە کار کەوت

تشرینی یه‌كه‌م 1, 2025 09:19
حکوومەتی فیدراڵی ئەمریکا لە کار کەوت
0

لایک

لە دوای شکستی دانوستانەکان لەسەر دابینکردنی بودجەی فیدراڵی، حکوومەتی ئەمریکا لە دوای حەوت ساڵ جارێکی دیکە لە کار کەوت و زۆربەی چالاکییەکانی راگیران.

ئەمڕۆ چوارشەممە ١ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، حکوومەتی فیدراڵی ئەمریکا بە هۆی دابین نەکرانی بودجەی فیدراڵی کەوتە دۆخی پشووی ناچارییەوە و هەزاران فەرمانبەری فیدراڵ مۆڵەتی ناچارییان پێ درا و بەڕێ کرانە ماڵەوە. راگەیاندنەکانی ئەمریکا دەڵێن زۆربەی خزمەتگوزارییە گشتییەکان تووشی کێشە بوون.

پەسندکرانی بودجەی فیدراڵی پێویستی بە دەنگی ٦٠ ئەندامە لە ١٠٠ ئەندامی سینات هەیە و شەوی ڕابردوو هیچکام لە سیناتۆرەکانی هەردوو حزبی دیموکرات و کۆماریخواز ئامادە نەبوون دەنگی پێویست بە پڕۆژەیاسای پێشنیارکراوی لایەنی بەرانبەر بدەن و بەم شێوەیەش بودجەی داواکراوی کۆشکی سپی پەسند نەکرا.

ناکۆکیی نێوان دیموکراتەکان و کۆماریخوازەکان لە سیناتی ئەمریکا لەسەر بودجە و خەرجییەکانی تەندروستی و دەرمان قووڵ بوەتەوە و ئەمەش ڕێگای لە پەسندکرانی بودجەی فیدراڵی لە وادەی خۆیدا گرتووە.

دیموکراتەکانی سینات داوایان کردبوو لە بەرانبەر دەنگدانیان بە پڕۆژەی بودجەی کاتیی کۆشکی سپی، داخوازییەکانیان لە بوارەکانی گەرەنتیکردنی بیمەی تەندروستیی گشتی و یارمەتییە فیدراڵییەکان بۆ بیمەی تەندروستیی چینە هەژارەکان لە بودجەدا بگونجێ. بەڵام کۆماریخوازەکان بە سەرۆکایەتیی ترەمپ ئەم داوایەیان ڕەت کردەوە.

دوابەدوای بێ ئاکام مانەوەی دەنگدان لەسەر بودجە لە سینات، ئۆفیسی بەڕێوەبەری و بودجەی کۆشکی سپی بە بڵاو کردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایگەیاند حکوومەتی ئەمریکا لە بەرەبەیانی چوارشەممەوە دادەخرێ و دیموکراتەکانیش بە هۆکاری گەیشتن بەم بنبەستە زانیبوو.

بەیاننامەکە کە واژۆی راسێل ویت، بەڕێوەبەری ئۆفیسی بەڕێوبەرایەتیی بودجەی حکوومەتی ترەمپ بەسەرەوەیە ڕایگەیاندووە: “ئێستا دەبێ ئەو دامەزراوانەی کاریگەریی پەسند نەکرانی بودجەیان لەسەر دەبێت، پلانی خۆیان بۆ پشوویەکی ڕێکوپێک بەڕێوە ببەن”.

پشووی ناچاری لە قۆناغی یەکەمدا هەموو خزمەتگوزارییە ناپێویستەکانی وەک پارکەکان و مۆزەخانە فیدراڵەکان دەگرێتەوە و هەزاران کارمەندی ئەم بەشانە بەرەو ماڵەوە بەڕێ دەکرێن. لە قۆناغی دواییشدا و لە ئەگەری پەسند نەکرانی بودجەی فیدراڵی، بەشەکانی دیکەی فەرمانگە فیدراڵییەکان ناچار دەبن فەرمانبەرەکانیان بە پشووی بە بێ مووچە بنێرنەوە ماڵەوە.

ئەمە یەکەم داخرانی حکوومەتی فیدراڵی ئەمریکا لە کابینەی دووەمی دۆناڵد ترەمپە و دوایین جار ٧ ساڵ لەمەوبەر و لە کابینەی یەکەمی ترەمپدا لەکارکەوتنی حکوومەتی فیدراڵی ڕووی دابوو.

En az 10 karakter gerekli