ئەمشەو لە یاری کۆتایی جامی شای ئیسپانیادا هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و ریاڵ مەدرید رووبەرووی یەکدەبنەوە، یاریەکە بە کلاسیکۆ ناسراوە و لە هەرێمی کوردستان – عێراق و لە تەواوی جیهان بینەرێکی زۆری هەیە.
ئەمڕۆ شەممە 26ی نیسانی 2025، کاتژمێر 11ی ئەمشەو بەکاتی هەولێر (ئەربیل) لە یاری کۆتایی جامی شای ئیسپانیادا لە یاریگای لاکارتۆخا لە شاری سیڤییە هەردوو یانەی بەرشەلۆنە و ریاڵ مەدرید رووبەرووی یەکدەبنەوە، لە هەرێمی کوردستانیش هەردوو یانەکە هاندەرێکی زۆریان هەیە ئەمشەو بینەری یاریەکە دەبن.
هەروەها، بەرشەلۆنە لە رابردوودا 31 جار بووەتە پاڵەوانی جامی شا و ئەوەش زۆرترینە لە مێژووی پاڵەوانێتییەکەدا، لە بەرامبەردا ریاڵ مەدرید ئامانجی ئەوەیە 21ـەمین نازناوی جامی شا لە مێژووی خۆیدا بەدەستبهێنێت جگە لەوەش تۆڵەی دوو شکستەکەی لە دوو کلاسیکۆی رابردوودا لە بەرشەلۆنە بکاتەوە.
هەروەها هاندەرانی ریال مەدرید زیاتر بە جۆش و خرۆشن بۆ ئەم یارییە بەهۆی ئەوەی لە دوو یاری رابردوو بە ئەنجامی گەورە شکستیان هێناوە لە دژی یانە کەتەلۆنیەکە.