پۆلیسی هەرێمی نۆتینگهامشایر دەربارەی رووداوەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە، تێیدا ئەوە خراوەتەڕوو کە دوای کاتژمێر 04:00 بە کاتی ناوخۆی ئەو وڵاتە، لە بوونی دوو تەرم لەسەر شەقام ئاگادارکراونەتەوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، دواتر پۆلیس لە رووداوێکی دیکە ئاگادار کراوەتەوە کە کەسێک بە ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر هەوڵی شێلانی سێ کەسی داوە، ئەو سێ کەسە دواتر براونەتە نەخۆشخانە.
کۆتا رووداویش دۆزینەوەی سێیەم تەرم بووە، گەنجێکی تەمەن 31 ساڵیش بە گومانی پەیوەندیداربوون بە کوژرانی ئەو سێ کەسە دەستبەسەر کراوە.
دواتر ناوچەکە بەڕووی هاتوچۆدا داخراوە و گەشتەکانی پاس و شەمەندەفەریش بۆ ئەو شوێنە راگیراون.
بەڕێوبەری ئاسایشی هەرێمی نۆتینگهامشایر، کەیت مەینڵ دەربارەی رووداوەکان راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوە تێیدا هاتووە: “کوژرانی ئەم سێ کەسە کارەساتێکی تۆقێنەرە. پێمانوایە کە ئەم سێ رووداوە پەیوەندییان بەیەکەوە هەیە و لە ئێستادا کەسێک بە گومانی پەیوەندیداربوون بە رووداوەکانەوە دەستگیر کراوە. لە ئێستادا لێکۆڵێنەوەکان لە قۆناغی سەرەتاییدان و گرووپێک لێکۆڵەر بۆ ئاشکراکردنی وردەکارییەکانی رووداوەکە سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن”.