حکومەتی عێراق 57 بەڕێوەبەری گشتی کە لەناو وەزارەتەکاندا کار دەکەن، لە پۆستەکانیان دوورخستەوە.
بەپێی ئەو هەواڵەی لە ئاژانسی فەرمی عێراق بڵاوکراوەتەوە، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی ئەو بەڕێوەبەرە گشتییانەی کە لە وەزارەتەکاندا کاردەکەن، کراوە.
لە ئەنجامی هەڵسەنگاندنەکەدا، 30 بەڕێوەبەری گشتی کە ئاشکرا نەکرابوون لە چ وەزارەتێکدا کاریان کردووە، بە پاساوی “ئەنجامنەدانی ئەرکەکانیان بە باشی”، لە کارەکانیان دوورخرانەوە.
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا 27 کەس کە وەک بەڕێوەبەری گشتی بەوەکالەت کاریان دەکرد لە پۆستەکانیان دوورخرانەوە.
جێگای سەرنجە کە بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 2003 گۆڕانکارییەکی لەم شێوەیە لە بیرۆکراسی لە عێراقدا بکرێت.