پارتی ئیرادەی نیشتمانیی تورکمان یەکەم کۆنگرەی ئەنجامدا

پارتی ئیرادەی نیشتمانیی تورکمان یەکەم کۆنگرەی ئەنجامدا

ئازار 4, 2023 14:30
پارتی ئیرادەی نیشتمانیی تورکمان یەکەم کۆنگرەی ئەنجامدا
0

لایک

ئەمڕۆ شەممە 04-03-2023، پارتی ئیرادەی نیشتمانیی تورکمان بە بەشداری چەندین کەسایەتی سیاسی کە بەنوێنەرایەتی حیزبەکانیان بەشداربوون، یەکەم کۆنگرەی خۆی لە هەولێر(ئەربیل) ئەنجامدا.

هەروەها هەریەک لە ئایدن مەعروف، ، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان بە نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێم و ئاری نانەکەلی، نوێنەری پارتی دیموکراتی کوردستان و ئارێز عەبدوڵڵا، نوێنەری یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و نوێنه‌ری كۆنسوڵخانه‌ی توركیا له‌ هه‌ولێر و ژمارەیەکی دیکە لە حزب و لایەنە سیاسییەکان یەکەم کۆنگرەی پارتی ئیرادەی نیشتمانیی تورکمان بەڕێوەچوو.

سەرەتای کۆنگرەکە بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستی پێکرد و دواتر ئامادەبووان بۆ چەند خولەکێک بۆ گیانی قوربانییانی بوومەلەرزەکەی تورکیا وەستان.

ئەحمەد سەید یەعقوب بەناوی سەرۆکی ئەنجومەنی دامەزرێنەری پارتی ئیرادەی نیشتمانیی تورکمان، مەحمود چەلەبی وێرای بەخێرھێنانی میوانان تیشکی خستەسەر ھۆکارەکانی دامەزراندنی پارتەکەی و وتی، ”تورکمان لە دێرزەمانەوە سەلماندوویەتی کە میللەتێکی کاریگەرە، لە مێژووشدا چەندین نەتەوە زوڵمیان لێکراوە بەڵام لە کۆتاییدا ھەر زوڵملێکراو سەرکەوتوو بووە، ھەرچی زاڵمەکان بوون لەناوچوون و دیار نەمان، لە سەردەمی رژێمی پێشووی بەعسەوە، کورد و شیعە دووچاری زەبر و زەنگ بوونەوە بەڵام ئێستا شیعەکان بوونەتە دەسەڵات و کوردیش بوونەتە خاوەن ھەرێمێکی سەربەخۆ، بەدرێژایی مێژووش تورکمانەکان زوڵمیان لێکراوە ھەر لە ساڵی 1925ـەوە کاتێک کەسایەتییە تورکمانەکانی بێجی زەوییەکانییان لێ سەندرایەوە و درایە خەڵکی عەرەب بەبێ ئەوەی ھیچ قەرەبوویەک بکرێتەوە، زوڵم دژی ئەم پێکھاتەیە بەردەوام بووە”.

وتیشی، ”ئەگەرچی ھەرێمی کوردستان شوێنی پێکەوەژیانە بەڵام بۆچی تا ئێستا ھێز بۆ پێکھاتەی تورکمان لە وەزارەتی پێشمەرگە دروست نەکراوە، بۆچی دەبێت برا کوردەکان پارێزگاریمان لێ بکەن، ھەروەھا بابەتێکی دیکە کە ئێستا لە رۆژەڤدا ھەیە بابەتی کورسی کۆتاکانە، بێگومان ئێمە بۆ ئەم مەبەستەش چارەسەری گونجاومان ھەیە دوای کۆنگرە کۆبوونەوەی چڕ و پڕمان لەگەڵ لایەنە سیاسیەکان دەبێت و ھەر لەبەر ئەم ھۆکارانە و چەند ھۆکارێکی دیکەیە کە ئەم پارتەمان دامەزراند”.

ھەر لە کۆنگرەکەدا، پشتیوان سادق بەناوی نوێنەری سەرۆکی حکومەتی ھەرێم مەسرور بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، ”کوردستان وڵاتی ھەمووانە و شوێنی پێکەوەژیانە، ھیچ نەتەوەیەک ناتوانێت بڵێت کوردستان بەتەنیا موڵکی منە، ھەموومان پێکەوە ھاوخەبات بووینە، ھەموومان لە سەدەکانی رابردوو، کورد، تورکمان و مەسیحییەکان ئازاری زۆرمان بینیووە و ھیچکاتێک نابێت ئەو ئازارە لەیاد بکەین بۆ ئەوەی ھەمیشە ئەو پەیوەندییەی لەنێوانمان ھەیە بەھێزتری بکەین”.

وتیشی، ”لە ساڵی 1991 پەرلەمانی کوردستان لە رێگای کورسی کۆتاکان و دواتریش لە رێگای یاسای مافی پێکھاتەکان ھەوڵی ئەوەی داوە کە پێکھاتەکان بەشداربن لە پڕۆسەی سیاسییدا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ھەرچی پێیکراوە لە بابەتە جیاوازەکان درێخی نەکردووە تەنانەت زمانی دایک بۆ ھەموو نەتەوەکان لە پڕۆگرامەکانی خوێندن جێگای کراوەتەوە. کوردستان نموونەیەکی جوانی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستە بۆ پێکەوژەیان، ھەر بۆیەش زیاتر لە ملیۆنێک ئاوارە لە ھەرێمی کوردستان ماونەتەوە ئەمەش رەنج و خەباتی دەیان ساڵەی پێشمەرگە قارەمانەکانە”.

تایبەت بە پرسی ھەڵبژاردنیشەوە ئاماژەی بەوەکرد، ھیچ پارتێک ناتوانێت ئیرادەی خۆی بەسەر پێکھاتەکان بسەپێنێت و پێویستە بەخۆیان خاوەن بڕیاری خۆیان بن.

ئاری نانەکەلی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەنوێنەرایەتی حزبەکەی وتارێکی پێشکەش کرد و جەختی لە بۆچوونەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر پرسی پێکھاتەکان کرد و وتی، ”پیرۆزباییتان لێ دەکەم و کاتێکی گرنگ کۆنگرەکەتان بەست، وەک دەبینین ھەرێمی کوردستان بەرەو ھەڵبژاردن دەچێت و بەڵکو ئێوەش بتوانن وەک پارتێکی سیاسیی بەشداربن، پارتی دیموکراتی کوردستان باوەڕی تەواوی بە تەبایی و یەکڕیزی ھەیە، بەتایبەت باوەڕی ھەیە لەگەڵ برایانی تورکمان و کریستانەکان لە ھەرێمی کوردستان بەشداری کۆی پڕۆسەی سیاسیی بن”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ”پێمانوایە پێکھاتەکان دەبێت خۆیان چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن و ھەمیشە دەبێت رێگا بەھیچ کەس و لایەنێک نەدەن کە ئیرادەیان سەردا بسەپێنن و ئێمەش پاڵپشتی داواکاری و مافەکانییان دەکەین و لەگەڵ ئەوەین ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت”.

ھاوکات ئارێز عەبدوڵڵا، نوێنەری یەکێتیی نیشتمانی کوردستان وێرای پیرۆزباییکردن لە کۆنگرەکە، ئاماژەی بە رۆڵی پێکھاتەکان لە پڕۆسەی سیاسیی کرد و وتی، ”لەگەڵ پەیامی پیرۆزباییم بۆ پارتەکە، ھیوادارین ئەم پارتە رەسەنە لە ئایندەی کوردستان رۆڵی خۆی بگێڕێت لە بەرەوپێشبردنی کوردستان، بینیم پەیامەکەی بریتییە لە ئاشتی، ئازادی و یەکسانی، بێگومان ئەگەر ئاشتی نەبێت ھیچ شتێک گرنگی نییە ھەروەھا ئاشتی بەبێ ئازادی ھیچ بەھایەکی نابێت ھاوکات دەبێت دەوڵەت دەرفەتی یەکسانیش بۆ ھەموو لایەک بڕەخسێنێت”.

راشیگەیاند، ”ئێمە بڕوای تەواومان بە مافی پێکھاتەکان ھەیە، لەم روانگەیەشەوە ھەوڵی ئەوەمان داوە کە شانبەشانی پێکھاتەکان مافەکانییان بۆ دەستەبەر بکەین، پێش ئێمە باب و باپیرانمان لە ھەولێر بە کوردی و تورکمانی قسەیان دەکرد، بۆیە مێژوویەکی ھابەشمان ھەیە، ئێمە رابردوومان یەک بووە دەبێت چارەنووسیشمان یەک بێت”.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئارێز عەبدولڵا تیشکی خستەسەر پڕۆسەی ھەڵبژاردن و ئاماژەی بەوەکرد، ”ئێمە داواکاری ئەوەمان ھەیە کە پێکھاتەکان نوێنەری راستەقینەی خۆیان بن، زۆرجار باسی کورسی کۆتا دەکرێت، نووسینێکی سەرۆک مام جەلال ھەیە کە لە ساڵی 1992 بە زمانی عەرەبی بڵاویکردووەتەوە ھەموو ئەو مافانەی کە بۆ تورکمان و مەسیحییەکان دەستنیشانکردووە، ئێستاش ئێمە دەمانەوێت پێکھاتەکان نوێنەرایەتی راستەقینەی خۆیان بن”.

لە بڕگەی کۆتایی کۆنگرەکەش، دیاری و رێزلێنان بەسەر ئەو کەسانە دابەشکرا کە رۆڵیان ھەبووە لە پاڵپشتیکردن و دامەزراندنی پارتی ئیرادەی نیشتمانیی تورکمان.

En az 10 karakter gerekli