سوپای پاسداران دەڵیت، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە تاران بە مووشەکێکی کورتمەودا کراوەتە ئامانج؛ ئاماژە بەوەش دەکات، مووشەکەکە لە دەرەوەی ئەو باڵەخانەیەوە هاوێژراوە کە هەنییەی تێدا بووە.
ئەمڕۆ شەممە، 03-08-2024، سوپای پاسدارانی ئێران راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا وردەکاریی کوژرانی ئیسماعیل هەنییە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماسی لە تاران خستەڕوو.
بەپێی راگەیەندراوەکە، ئیسماعیل هەنییە لە رێگەی مووشەکێکی کورتمەودا کراوەتە ئامانج کە هەڵگری کڵاوەی مووشەکیی 7 کیلۆگرامی بووە و تەقینەوەیەکی بەهێزی لێکەوتووەتەوە.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، مووشەکەکە لە دەرەوەی سنووری ئەو باڵەخانەیەوە تەقێندراوە کە ئیسماعیل هەنییەی تێدا بووە.
سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کردووە کە ”ئەو کردەیە بە داڕشتن و جێبەجێکردنی رژێمی زایۆنی و بە پاڵپشتیی ئەمریکا کراوە.”
لە بەشێکی راگەیەندراوەکەدا سوپای پاسداران هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکات و دەڵێت، لە کات و شوێنی گونجاودا بە ”سزایەکی سەخت” وەڵامی”شەهیدکردن”ـی هەنییە دەدەنەوە.