ئەمڕۆ پێنجشەممە 22ـی حوزەیرانی 2023 دادگای هەولێر لەبارەی بکوژەکەی دوو مامۆستاکەی زانکۆی سەڵاحەدین بڕیاری دا.
لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانییدا، پارێزەرى کەیسى هەردوو مامۆستا ئیدریس حەمەخان و کاروان ئیسماعیل رایگەیاند، سێ بڕگەى ماددەى 406ـى لەسەر تۆمەتبارەکە جێبەجێ بووە کە ئەوانیش (أ، هـ، ز) کە تایبەتن بە رشد و کوشتنى یەکێک و بریندارکردنى یەکێکى دیکە و کوشتنى فەرمانبەرى دەوڵەت لە دەوامى فەرمی خۆیدا.
ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوە دا، بڕیارەکە لەماوەى 10 رۆژ رەوانەى دادگاى پێداچونەوەى هەرێمى کوردستان دەکرێت و لەکاتى پەسەندکردنیشى رەوانەى سەرۆکایەتیی هەرێم دەکرێت بۆ وەرگرتنى رەزامەندى و واژووى سەرۆکى هەرێم بۆ جێبەجێکردنى ئەم بڕیارەکە.
لەبارەى باوکى تۆمەتباریشەوە، پارێزەرەکە رایگەیاند، بۆ ماوەى نۆ مانگ زیندانى بووە، بەڵام هیچ تۆمەتێکى لەسەر ساغ نەبوەتەوە و ئازاد کراوە.
لەبارەى جێبەجێکردن یاخود جێبەجێنەکردنى سزاى سێدارەکەیشەوە ئەو پارێزەرە رایگەیاند، لە هەولێر و سلێمانى و دهۆک زیاتر لە 450 سزاى سێدارە هەن و سەرجەمیان لەسەر بڕیارى سەرۆکى هەرێم وەستاوە، ئەم بڕیارە بەرکارە و کارى پێدەکرێت بەڵام لە لایەن سەرۆکی هەرێمى کوردستان واژووى لەسەر ناکرێت.
هەر لە کۆنگرەکەدا خانەوادەى هەردو مامۆستاکە داوایان کرد کە سەرۆکى هەرێم واژوو لەسەر بڕیارەکە بکات و سێدارەکە جێبەجێ بکرێت.
ئەمە لە کاتێکدا 28ـی حوزەیرانی 2022، گەنجێک د. کاوان ئیسماعیل، راگری کۆلێژی یاسای زانکۆی سەلاحەدینی لەنێو حەرەمی زانکۆ دایە بەر گولـلە و کوشتی، هاوکات پاسەوانێکی مەدەنیی زانکۆشی بریندار کرد، دوای ئەوەش هەڵیکوتایە سەر ماڵی د. ئیدریس عیزەت حەمەخان، مامۆستای کۆلێژی ئەندازیاریی زانکۆی سەلاحەدین و لە ماڵەکەی خۆی و ئەویشی کوشت.
هاوژینی د. ئیدریس عیززەت حەمەخان ناوی “نیشتمان عوسمانە” و لە زانکۆی سۆران مامۆستایە. پێشتر لەگەڵ تۆمەتباری رووداوەکە “ئـ. م. ق” لەسەر گواستنەوەی لە زانکۆی سۆران بۆ زانکۆی سەلاحەددین کێشەیان هەبووە و بووەتە دەمەقاڵێیان. دواتر هاوژینی د. ئیدریس سکاڵای لەسەر ئەو خوێندکارە تۆمار کردووە و رۆژی 28ـی حوزەیرانی 2022 رۆژی دادگاییکردنەکەیان بووە، بەڵام بەر لە دادگاییکردنەکە تۆمەتبارەکە چووەتە ماڵی د. ئیدریس و تەقەی لێکردووە و ئەویش رایکردووە، پاشان لەسەر بانی ماڵی دراوسێکەیان کوشتی.