رێبەر ئەحمەد: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق زۆر نابه‌رپرسانه‌ مامه‌ڵە دەکەن

رێبەر ئەحمەد: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق زۆر نابه‌رپرسانه‌ مامه‌ڵە دەکەن

رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وه‌زاره‌تی کۆچ و کۆچبه‌رانی عێراق زۆر نابه‌رپرسانه‌ مامه‌ڵە له‌گه‌ڵ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێم ده‌کات.

ئایار 4, 2023 12:50
رێبەر ئەحمەد: وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق زۆر نابه‌رپرسانه‌ مامه‌ڵە دەکەن
0

لایک

رێبەر ئەحمەد، ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ـی ئایاری 2023 لەمیانی وتارێکدا لە مەراسیمی کردنەوەی ناوەندێکی UNHCR بۆ هاوکاریکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری بۆ پەنابەران، رایگەیاند، “50%ـی ئەو پەنابەرانەی هاتونەتە هەرێمی کوردستان، لە پارێزگای هەولێر نیشتەجێن، بەداخەوە بارودۆخ هێشتا ئاسایی نەبوەتەوە و رێکارەکان وەک پێویست نین، بۆئەوەی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان، ئارەزومەندانە و سەر بەرزانە بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان”.

رێبەر ئەحمەد لەوەڵامی ئیڤانا جابرو، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کە لەماوەی رابردوودا رەخنەی لە پارتی گرتبوو بەوەی کە “رێگە نادات ئاوارەکان بگەڕێنەوە و بەکاریان دەهێنێت”، وتی، “وه‌زاره‌تی کۆچ و کۆچبه‌رانی عێراق زۆر نابه‌رپرسانه‌ مامه‌ڵە له‌گه‌ڵ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمی کوردستان ده‌کات و هەمیشە ئەم بابەتەی لەڕوی سیاسیەوە سەیر کردوە و جێگەی داخە کە ئاوارە و پەنابەر و ژیانی ئەو خەڵکە بەکاربهێنرێت بۆ مەرامی سیاسی”.

وەزیری ناوخۆ وتیشی، “راستە عێراق وڵاتێکی دەوڵەمەندە و بودجەی زۆر گەورەی هەیە، بەڵام بەداخەوە لە بواری ئاوارە و پەنابەر ئەرکی خۆی جێبەجێناکات. لەئێستاشدا نزیکەی یەک ملیۆن ئاوارە و پەنابەر لە هەرێمی کوردستاندان، ئەرکی حەوانە و پاراستن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لەڕووی تەندروستی و پەروەردە و دابینکردنی ژیانێکی سەربەرزانە لەسەر شانی حکومەتی هەرێم بووە، سوپاسی وڵاتان بووە کە هاوکاریان کردوە”.

راشیگەیاند، “ئێمە لەگەڵ گەڕانەوەی ئارەزومەندانەی هەموو ئاوارە و پەنابەرانین، بەڵام هیچ کاتێک ئەوە نابینم کە ئێمە لە هەرێمی کوردستان کەمپەکان دابخرێن بەڕووی کەسانێک کە پێویستیان بە هاوکاریە، بۆیە ئەوەی ئێمە چاوەڕوانی دەکەین لە حکومەتی عێراق و وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق پیشەییانە مامەڵە لەگەڵ ئەم بابەتە بکات و واز لە موزادەیە و لێدوانی سیاسی بهێنێت و بێت لەسەر ئەرزی واقع هاوکاربێت لەگەڵ حکومەتی هەرێم و ئێمە دەرگامان کراوەیە کە بێن لەگەڵمان ئەم ئەرکە هەڵبگرن، کە ئەرکێکی قورس لەسەر شانی حکومەتی هەرێمە”.

ئەوەشی خستەڕوو، “ئەوانەی زۆری خەمی گەڕانەوەی ئاوارەکانیانە بابێن رێککەوتنی شنگال جێبەجێ بکەن، بەڵام تائێستا هیچ هەنگاوێک بە ئاڕاستەی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە نەنراوە و پێویستە دۆخی شنگال و پارێزگای نەینەوا ئاسایی بکرێتەوە”.

لەماوەی رابردودا ئیڤانا جابرو، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی رەشیدی عێراقی رەخنەی لە پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانی خۆیان کردبوو، باسی لەوەکردبوو، “حکومەتی هەرێم رێگا نادات ئاوارەکان بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و وەک وەزیری کۆچ و کۆچبەران هیچ دەسەڵاتێکم بەسەر کەمپی ئاوارەکانی هەرێمی کوردستاندا نییە”.

En az 10 karakter gerekli