موعین کازمی ئەندامی لێژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەلێدوانێکدا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، “پارتی دیموکراتی کوردستان داوای لە هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت کردوە سەبارەت بە بودجە فرسەتێک بدات و پەلەنەکرێت، ئەمە هۆکاری دواکەوتنی دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بوو بۆ تێپەڕاندنی بودجە”.
باسی لەوە کرد، “لە ئێستا هیچ ناکۆکییەک لەسەر پشکی هەرێم لە بودجەدا نیە کە دەگاتە 12.67%، ناکۆکییەکە لەسەر میکانیزمی هەناردەکردنی نەوتە، پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا 19.5 ترلیۆن دینارە، بە پشکی هەرێم لە دەرمان و فۆرمی خۆراک دەگاتە 20 ترلیۆن دینار، چوارچێوەی هەماهەنگی بڕوایوایە کە دەبێت هەرێم پابەند بێت بە بەرهەمهێنانی 400 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێکدا و کۆمپانیای سۆمۆ نەوتەکە بفرۆشێت. هەفتەی داهاتوو هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت پرسی بودجە یەکلایی دەکاتەوە”.
موعین کازمی وتیشی، “داهاتی فرۆشی نەوتی هەرێمی کوردستان دەخرێتە هەژمارێکی بانکی لای بانکی ناوەندی عێراقی و دەسەڵاتی خەرجکردن بەپێی بڕیارەکانی بودجە دەدرێتە سەرۆکی حکومەتی هەرێم”.
راشیگەیاند، “پارتی لەسەر دوو خاڵ ناکۆکی هەیە، یەکەمیان نایەوێت ناوی کۆمپانیای سۆمۆ لە بودجەدا بهێنرێت، دووەمیان دەیەوێت داهاتی نەوت لە هەژمارێکی بانکی هەرێمی کوردستاندا بەبێ ئەوەی بە بانکی ناوەندیدا تێبپەڕێت دابنرێت، هەروەها ئەو بڕگانەی ماددەی 14 کە لە لایەن لیژنەی داراییەوە زیادکراوە پارتی رەتیدەکاتەوە، ئەوانیش گیڕانەوەی موچەی پاشەکەوت، دادپەروەری نێوان پارێزگاکان و رێگریکردنە لە دەرهێنانی نەوت لە کێڵگەکانی نەینەوا و کەرکوک”.