وه‌زاره‌تی ناوخۆ: دوو هێنده‌بوونی سزاكانی هاتووچۆ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌ نییه‌
  • TEBA KURDİ
  • رۆژەڤ
  • وه‌زاره‌تی ناوخۆ: دوو هێنده‌بوونی سزاكانی هاتووچۆ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌ نییه‌

وه‌زاره‌تی ناوخۆ: دوو هێنده‌بوونی سزاكانی هاتووچۆ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌ نییه‌

ئه‌یلول 15, 2023 17:07
وه‌زاره‌تی ناوخۆ: دوو هێنده‌بوونی سزاكانی هاتووچۆ بۆ كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌ نییه‌
0

لایک

وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت، بڕیاری لێخۆشبوونی 20% ی سزای دارایی شۆفێرانی ده‌ركردوه‌، دوو هێنده‌بوونی پێبژاردنی دارایی سه‌رپێچیی شۆفێرانیش، تاكو 28ی شوباتی 2024 به‌ركار نابێت و ئامانجیش له‌و هه‌نگاوه‌ كۆكردنه‌وه‌ی پاره‌ نییه‌.

هێمن میرانی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم، به‌ فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاریی ڕاگه‌یاند، “ئامانج له‌ دووهێنده‌بوونی پێبژاردن كه‌ له‌ كۆتاییی مانگی شوباتی 2024 جێبه‌جێده‌كرێت، كۆكردنه‌وه‌ی داهات نییه‌، به‌ڵكو پاراستنی باخه‌ڵی هاوڵاتییانه‌ له‌ ڕێگه‌ی كه‌مكردنه‌وه‌ی سه‌رپێچی و سزاوه‌”.

هێمن میرانی باسی له‌وه‌شكردوه‌، “وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ هاوكاریی شۆفێران له‌و بارودۆخه‌ تایبه‌ته‌ی ئێستای هه‌رێمی كوردستان، دوای ڕه‌زامه‌ندیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران، بڕیاریدا به‌ لێخۆشبوونی 20%ی سزاكانی ڕابردوو و ئێستای هاتووچۆ، تاكو 28ی شوباتی 2024 كه‌ ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر شۆفێران، ئه‌وه‌ بژارده‌یه‌كی ئاره‌زوومه‌ندانه‌یه‌، هاوڵاتی ناچار نییه‌ سزاكانی خۆی پاكتاو بكات، وه‌كو جاران ده‌توانێت پێنج ساڵ جارێك بچێت پێبژاردنه‌كانی پاك بكاته‌وه‌، به‌ڵام له‌ ڕابردوودا كاریگه‌ریی خراپی له‌سه‌ر باری داراییی هاوڵاتی و سزاكانی هاتووچۆ هه‌بووه‌، چونكه‌ له‌و پێنج ساڵه‌دا هاوڵاتی هه‌ستی نه‌كردوه‌ ئه‌و سزایه‌ی دراوه‌ ده‌بێته‌ سنووردانان بۆ سه‌رپێچیی زیاتر و خۆپارێزی، بۆیه‌ پێمانوایه‌ هاوڵاتی تا ده‌توانێت زووتر پاكتاوی سزاكانی خۆی بكات، تا جارێكی دیكه‌ سه‌رپێچی نه‌كاته‌وه‌ و زیان به‌ داهاتی خۆی نه‌گات”.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌شڵێت، “ئامانج له‌بڕیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌، شۆفێر سزاكه‌ له‌ هه‌مان مانگدا بدات و سه‌رپێچی دووباره‌ نه‌كاته‌وه‌ و به‌وه‌ش له‌ سزا دوور بكه‌وێته‌وه‌، چونكه‌ خودی سزاكه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ شۆفێر هه‌ست بكات سزای سه‌رپێچیی له‌سه‌ره‌ و كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی له‌سه‌ر ژیان و داراییه‌كه‌ی هه‌یه‌، نه‌ك پێبژاردن زۆر دوا بكه‌وێت و هێزی سزاكه‌ كه‌م بێته‌وه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش وا ده‌كات سه‌رپێچییه‌كان كه‌م نه‌بنه‌وه‌، وه‌كو ئه‌وه‌ی هاوڵاتی زۆرجار له‌ نائاگایی و به‌دوادانه‌چووندا، به‌ قه‌د نیوه‌ی نرخی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی سزای له‌سه‌ر تۆمار كراوه‌ و له‌سه‌ری كه‌ڵه‌كه‌ بووه‌، به‌وه‌ش زیانی زۆری كردوه‌”.

ئه‌وه‌شیخسته‌ڕو، “به‌شێكی زۆری هاوڵاتییان ساڵی جارێك یان دوو جار، یان چه‌ند مانگ جارێك سزاكانیان ده‌پشكنن، بۆیه‌ پێمان باشبوو ئه‌پلیكه‌یشنێك تایبه‌ت به‌ شۆفێران دابنرێت، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌رپێچی كرا، هاوڵاتی ئاگادارییه‌كی بۆ بێت، ئه‌و ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌ وا ده‌كات ئاگای له‌ سزاكانی بێت و خۆی له‌ سه‌رپێچیی نوێ بپارێزێت، بۆیه‌ له‌گه‌ڵ فه‌رمانگه‌ی ته‌كنه‌لۆجیای زانیاری، گفتوگۆمان كردوه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا ئه‌و ئه‌پلیكه‌یشنه‌ بكه‌وێته‌كار و هه‌ر شۆفێرێك له‌ ڕێگه‌ی ئه‌و ئه‌په‌ تایبه‌ته‌ی خۆیه‌وه‌ سه‌رپێچی و سزاكانی خۆی بزانێت و ئاگاداركردنه‌وه‌ی بۆ بێت”.

هێمن میرانی جه‌ختیشیكرده‌وه‌، “هاوڵاتیان دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ ئه‌و بڕیاره‌ بۆ كۆكردنه‌وه‌ داهات نییه‌، به‌ڵكو كاریگه‌ریی له‌سه‌ر كه‌مبوونه‌وه‌ی داهاتی هاتووچۆش ده‌بێت، چونكه‌ وا ده‌كات خه‌ڵك كه‌متر سه‌رپێچی بكه‌ن و زوو ئاگاداری پێبژاردن و پاكتاوكردنه‌كانیان بن، ئامانجه‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ هاوڵاتی قه‌رزار نه‌بێت و پاره‌ی زۆری نه‌كه‌وێته‌ سه‌ر و كه‌متر سه‌رپێچی بكات”.

En az 10 karakter gerekli