حەیان عەبدولغەنی، وەزیرى نەوتى عێراق لەبارەی دواکەوتنی هەناردەی نەوتی هەرێم، رایگەیاند، “پێویست بوو رێککەوتن لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە بکرێت، کە نەوتى هەرێمى کوردستان دەکڕن لە ئێستا گەیشتونەتە قۆناغی کۆتایی.
حەیان عەبدولغەنی، وەزیرى نەوتى عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە بەشداری لە “دیداری عێراق بۆ سەقامگیری و خۆشگوزەرانی” لە بەغداد کرد.
وەزیری نەوت رایگەیاند، “کۆمپانیای سۆمۆ بەپێی نرخی جیهانی و ئەو نرخەی کە کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت دیاری دەکات، پێویست بو رێککەوتن لەگەڵ ئەو کۆمپانیایانە بکرێت، کە نەوتى هەرێمى کوردستان دەکڕن، هەندێک قۆناغمان تێپەڕاندووە و گەیشتوینەتە ئەو قۆناغەی کە بتوانین چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو هەژماری داراییە بکەین کە لە ئەنجامی ئەو هەناردەکردنەوە دروستدەبێت”.
باسی لەوەش کرد، “رێککەوتن لەگەڵ هەرێمى کوردستان کراوە بۆ ئەوەى رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکرێت، جگە لە 75 بۆ 85 هەزار بەرمیل نەوتى کەرکوک کە لەو رێگەیەوە هەناردە دەکرێت”.
حەیان عەبدولغەنی راشیگەیاند، بابەتێکی دیکە پەیوەندی بە بودجەی عێراقەوە هەیە بۆ ئەوەی بزانرێت چۆن مامەڵە لەگەڵ رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغداد بکات، هەروەها کێ بتوانێت دەست بۆ ئەو پارەیە بەرێت و بەکاریبهێنێت، کە ئەمە دەبێتە بەشێک لە بودجەی فیدڕاڵی عێراق بە گشتی و بەشێوەیەکی سروشتی پارەکە خەرج دەکرێت.