ئەمڕۆ یەکشەممە، ڕێكەوتی 16ـی ئاداری 2025، ئیدارەی وزەی ئەمریکا ڕایگەیاند، هەناردەی نەوتی عێراق بۆ ئەمریکا لە ماوەی مانگی ڕابردوودا پێنج ملیۆن بەرمیل بووە، بەمەش هەناردەی نەوتی مانگی شوبات بەراورد بە مانگی کانوونی دووەمی 2025 ، کەمی کردووە.
ئیدارەی وزەی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، “عێراق لە ماوەی مانگی شوباتدا 4.9 ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی هەناردەی ئەمریکا کردووە، لە کاتێکدا لە مانگی کانوونی دووەمدا، 6 ملیۆن و 231 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەناردە کردووە.”
ئاماژەی بەوەش کرد “عێراق لە هەفتەی یەکەمی مانگی شوباتدا تێکڕای ڕۆژانە 257 هەزار بەرمیل نەوتی خاوی هەناردەی ئەمریکا کردووە، لەکاتێکدا لە هەفتەی دووەمدا بە تێکڕا 228 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا هەناردە کردووە، لە هەفتەی سێیەمیشدا بە تێکڕا 46 هەزار بەرمیلی لە ڕۆژێکدا هەناردە کردووە.” جەختیشی کردووەتەوە “لە هەفتەی چوارەمدا بە تێکڕا 170 هەزار بەرمیلی لە ڕۆژێکدا هەناردە کردووە”.
ئیدارەی وزەی ئەمریکا، ڕوونیشی کردەوە “عێراق لە مانگی ڕابردوودا لە هەناردەکردنی نەوت بۆ ئەمریکا پلەی شەشەمی بەدەست هێناوە، کەنەدا لە پلەی یەکەمی هەناردەی نەوتی خاو بۆ ئەمریکا دێت و وەک گەورەترین هەناردەکاری نەوت بۆ ئەمریکا هەژمار دەکرێت، دواتر مەکسیک، سعوودیە، بەرازیل و ڤەنزوێلا، دێن.”
ئاماژەی بەوەش داوە “عێراق لەنێو وڵاتانی عەرەبیدا پلەی دووەمی بەدەست هێناوە وەک گەورەترین هەناردەکاری نەوت بۆ ئەمریکا، سعوودیە لە پلەی یەکەمدا دێت بە بڕی هەناردەکردنی 7.056 ملیۆن بەرمیل، لیبیاش پلەی سێیەمی ڕیزبەندیەکەی گرتووە.”