بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر(ئەربیل) ڕایگەیاند، بەهۆی نۆژەنکردنەوەی رێگەکە، لە کاتژمێر 07:00ـی ئێوارەوە رێگەی بەحرکە – هەولێر بۆ ماوەی 15 رۆژ دادەخرێت.
ئەمڕۆ دووشەممە، رێكەوتی 16ـی حوزەیرانی 2025، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر(ئەربیل) ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، “بەهۆی نۆژەنکردنەوە و کارکردن لە ڕێگەی هەولێر(ئەربیل) – بەحرکە ئەمڕۆ کاتژمێر 07:00ـی ئێوارە ڕێگەکە لە بەرزەپردی شەقامی 120 مەتری بەئاراستەی بەحرکە دادەخرێت”.
لە ئاگادارییەکەدا هاتووە، “کارکردن لە رێگەکە بۆ ماوەی 15 ڕۆژ بەردەوام دەبێت و لە قۆناخی یەکەم، کارکردن لە سایدی هەولێر(ئەربیل) بەرەو بەحرکە تا سووڕانەوە یەکەمی بەحرکە دەبێت، دوای تەواوبوونی، قۆناخی دووەم لە سوڕانەوەی یەکەم تا پردی شەقامی 150 مەتری خێرا دەست پێ دەکات”.
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەولێر(ئەربیل) پێشنیاز دەکات هاوڵاتییان لەماوەی داخرانی ئەو رێگەیە، چەند رێگەی جێگرەوی دیکە بەکاربهێنن کە بریتین لە: “رێگەی هەولێر(ئەربیل) شەقڵاوە لە شەقامی 150 مەتری، رێگەی کۆنی بەحرکە، رێگەی 150 مەتری- گەزنە بۆ بەحرکە”.