وەزارەتی كارەبای عێراق ڕایگەیاند، لایەنی ئێرانی هەناردەی گازی بۆ عێراق بەتەواوی ڕاگرت كە بۆ وێستەگەكانی كارەبای بەغدا و ناوەڕاستی عێراق ڕەوانە دەكران، هەروەها دەشڵێت، “بەهۆیەوە عێراق “5 هەزار و 500 مێگاوات كارەبای لە دەستداوە”.
وەزارەتی كارەبای عێراق، ئەمڕۆ یەكشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، وەزارەت لە ئێستادا پلانی ستراتیژی و لەناکاوی خۆی جێبەجێ دەکات بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی سیستەمی کارەبای نیشتمانی و سەرجەم سێکتەرەکانی (بەرهەمهێنان، گواستنەوە و دابەشکردن)، هەروەها کارکردن لەسەر ئەو پڕۆژانەی کە چەندین ساڵە وەستاون، باشترکردنی بەرهەمهێنان و بەرزکردنەوەی ڕێژەکەی بە پێی سەقامگیری دابینکردن.
هەروەها بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی كارەبا، ڕاگرتنەكە بۆ ماوەی 15 ڕۆژ دەبێت و لایەنی ئێرانی خەریكی نۆژەنکردنەوەی بۆریی گواستنەوەی گازن، بەوەش سیستمی کارەبای وڵات 5 هەزار 500 مێگاوات کارەبا کەمیکردوە.
هاوکات ئاماژەی بەوەشكرد، لایەنی ئێران لە تەواوی هەناردەی گازی ڕاگرتوە كە بۆ وێستگەکانی کارەبا لە بەغدا و ناوچەکانی ناوەڕاست و پارێزگاکانی فوراتی نێوەڕاست رەوانەی دەکرد.
ئەوەشی خستەڕو، وەزارەتی کارەبا بەپێی رێنماییەکانی حکومەت هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی نەوت دەکات بۆ قەرەبوکردنەوەی ئەو بڕە گازەی كە هەناردەكردنەكەی ڕاگیراوە.