وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان – عێراق ڕایدەگەیەنێت، تیمی هەرێم لە بەغدایە و دوای چارەسەركردنی وردە تێبینییەكان، تەمویلی مووچە دەكرێت و دەشڵێت: مووچەی مانگەكانی داهاتووش نافەوتێت.
پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێم لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،ئەگەر بڕیاری دادگا و دەستوور لە سەرەتاوە جێبەجێ بكرایە، ئێستا پرسیاری هەواڵی دڵخۆشكەری مووچە نەدەكرا، چونكە هاتنی مووچە مافە و مژدانە نییە و دەبێت مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان – عێراق وەكو ناوچەكانی دیكەی عێراق بدرێت.
وتەبێژی حکومەت جەختیشی كردەوە، چاوەڕوانین لەم چەند ڕۆژە تەمویلی مووچەی مانگی 10بنێردرێ و مووچەی مانگەکانی 11و 12ش نافەوتێ.
هەروەها وتیشی، “تیمی حكومەتی هەرێم لە بەغدان و هەندێك وردەكاری سادە هەن، كە گفتوگۆیان لەسەر دەكرێت لەگەڵ وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدڕاڵی و چاوەڕێ دەكەین ئەو تێبینیانە بەزوویی چارەسەر ببن و تەمویلی مووچە بكرێت”.
ڕاشیگەیاند، پێویستە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ مووچەخۆران لە هەژماری من تۆمار بکرێن.