ئیسرائیل داوای چۆڵکردنی باکووری کەرتی غەززەی دەکات

ئیسرائیل داوای چۆڵکردنی باکووری کەرتی غەززەی دەکات

تشرینی یه‌كه‌م 13, 2023 11:32
ئیسرائیل داوای چۆڵکردنی باکووری کەرتی غەززەی دەکات
0

لایک

سوپای ئیسرائیل بەفەرمی داوای لە دانیشتووانی باکووری کەرتی غەززە کرد ماڵەکانیان چۆڵبکەن و بەرەو سنوورەکانی باشوور کۆچبکەن.
سوپای ئیسرائیل هۆشداریشیدا، پێویستە دانیشتووانی باکووری کەرتی غەززە کە ژمارەیان یەک ملیۆن و 100 هەزار کەسە لەماوەی 24 کاتژمێردا ناوچەکانیان چۆڵبکەن و بەرەو باشوور کۆچبکەن.

لەبەرانبەردا ستیڤن دیورایک، وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رەخنەی توندی لە بڕیارەکەی سوپای ئیسرائیل گرت و ئاماژەی بەوەدا، گەر ئیسرائیل لە بڕیارەکەی پاشگەز نەبێتەوە، کارەساتی مرۆیی گەورە بەڕێوەیە.
وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ئاشکرایکرد، لەسەرەتای دەستپێکی بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە تا ئێستا نزیکەی 425 هەزار کەس لە کەرتی غەززە ئاوارەبوون.

رۆژی شەممە (7ـی تشرینی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جولەکەنشینەکانیان بڕی.

لە بەرانبەردا، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل جەنگی دژی بزووتنەوەی حەماس راگەیاند و سوپای وڵاتەکەشی ئۆپەراسیۆنی “شمشێری ئاسنین”ـی دژی چەکدارانی حەماس دەستپێکرد.

ئەمڕۆ ماوەی حەوت رۆژە شەڕ و پێکدادان لەنێوان سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس بەردەوامی هەیە.

بە گوێرەی ئامارەکانی میدیا ئیسرائیلییەکان، زیاتر هەزار و 300 ئیسرائیلی لە سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی کوژراون و نزیکەی دوو هەزار و 700 کەسی دیکەش برینداربوون، لە بەرانبەریشدا، بەپێی ئامارەکانی تەندروستی غەززە، هەزار و 417 هاووڵاتی فەڵەستینی کوژراون و زیاتر لە شەش هەزار کەسی دیکەش برینداربوون لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە.

En az 10 karakter gerekli