وهزارهتی تهندروستی لوبنان رایگهیاند، له تهقینهوهكانی ئێوارهی ئهمڕۆدا ههشت كهس گیانیان لەدەستدا و دوو هەزار و 800 كهسیش برینداربوون، حزبوڵای لوبنانیش دەڵێت، “هۆكاری تەقینەوەكە ڕوونییە و لێكۆڵینەوە دەكەن”.
د. فیراس عەبیاد، وەزیری تەندروستی لوبنان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە ئەنجامی تەقینەوەکاندا دوو هەزار و 800 کەس لە چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتە برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەشت کەس گیانیان لەدەستداوە، زۆرینەی قوربانییەکان بەهۆی تەقینەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن لە دەست و دەموچاودا بووە.
وەزارەتى تەندروستى گشتى لوبنان داواى لە نەخۆشخانەکان کردووە کە زۆرترین ئامادەباشى هەبێت و ئاستى ئامادەکارییەکانیان بەرزبکەنەوە.
لایخۆیەوە حزبوڵای لوبنان لەڕاگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەو ئامێرانەی ئەمڕۆ تەقینەوە لەلایەن ژمارەیەک لە ئەندامانی هێزەكانی ئەوانەوە بەكارهاتووە و هۆكارەكەی ڕوونییە، بۆیە دامەزراوەكانیان لە ئێستادا لێکۆڵینەوەیەکی ئەمنی و زانستی بەرفراوان ئەنجام دەدەن بۆ زانینی ئەو هۆکارانەی کە بوونەتە هۆكاری تەقینەوەكە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، هێزەكانیان لە هەموو ئاستەکان و یەکە جۆراوجۆرەکاندا لە بەرزترین حاڵەتی ئامادەباشیدان بۆ بەرگریکردن لە لوبنان و گەلە خۆڕاگرەكەی.
میدیاكانی لوبنان بڵاویانكردوە، لەنێو کوژراوەکاندا کوڕی عەلی عەممار مەهدی پەرلەمانتاری حزبوڵای لوبنان هەیە، جگە لە برینداربوونی کوڕەکانی بەرپرسانی دیكەی حزبوڵا کە هەندێکیان برینەكەیان سەختە.
هاوكات ڕوانگەی سوری بۆ مافهكانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، ژمارەیەک لە ئەندامانی حزبوڵای لوبنان لە ئەنجامی تەقینەوەی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن کە هەڵیانگرتبوو، برینداربوون و گهیهنرانه نەخۆشخانەکانی دیمەشق.