ئەمڕۆ چوارشەممە، ماکسیملیان راش بەرپرسی کاروباری باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە عێراق رایگەیاند، لە ساڵی 2016ـەوە پاڵپشتی چەندین پڕۆژەی تایبەتیان کردووە بۆ هەڵگرتنەوە و پاککردنەوەی مین لە عێراق و خەرجیەکەی 100 ملیۆن دۆلار بووە.
ئەوەشی خستەڕوو، هەڵگرتنەوەی مین لە عێراق پشوو درێژی دەوێت و پڕۆسەکە بۆ عێراق گرنگە و لە ماوەی ساڵانی رابردوودا بڕێکی زۆریان لە ناوچەی مین پاککردوەتەوە.
وتیشی، حکومەتی عێراق 16 ملیۆن دۆلاری بۆ هەڵگرتنەوەی مین تەرخان کردووە و ئەڵمانیا عێراق بە تەنها جێناهێڵێت لە پاککردنەوەی میندا و بە بەردەوامی پاڵپشتی دەکات.
ئەوە لەکاتێکدایە، بەهۆی جەنگی عێراق و ئێرانەوە لە ساڵانی 1980-1988 بەشێکی زۆری ناوچەکانی عێراق و هەرێم مین رێژکران و بەگوێرەی ئامارەکانی دەزگای مین لە هەرێم، زۆرترین رێژەی مین لە پارێزگای سلێمانییە و لە ناوچەکانی پێنجوێن و شارباژێڕن.