پۆلیسی ئۆگەندا رایگەیاند، بەهۆی داڕمانی ئەو گردهی كە له پاشماوەی زبڵ دروست بووە، 21 كەس گیانیان لەدەستداوە و تیمەكانی فریاگوزاریش بەردەوامن لە گەڕان و پشكنی.
ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویكردەوە، بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ لە چەند هەفتەی رابردوودا، گردێكی گەورەی زبڵ و خاشاك لە کامپالای پایتەختی ئۆگاندا لە درەنگانی شەودا بەسەر ماڵەكانی سنووری ناوچەكەدا داڕما.
پاتریک ئۆنیانگۆ وتەبێژی پۆلیسی ئۆگەندا رایگەیاند، ژمارەی ئەو كەسانەی كە گیانیان لەدەستداوە بەهۆی داڕمانی گردی زبڵدانە گەورەكەی کامپالای پایتەختی ئەو وڵاتە بۆ 21 کەس بەرزبووەتەوە و کارمەندانی فریاگوزاریش بەردەوامن لە هەوڵدان بۆ رزگاركردنی ئەو كەسانەی كە لەژێر زبڵدانەكەدان.
ئاماژەی بەوەشكرد، تا ئێستا لانیکەم 14 کەس رزگارکراون و دەکرێت ژمارەیەکی زیاتریش كە گیریانخواردوە رزگاربكرێن بەڵام ژمارەکەیان نازانرێت.
یوێری موسیڤنی سەرۆک کۆماری ئۆگهندا لە راگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە، “رێنمایی سەرۆک وەزیرانی کردووە، هەماهەنگی بکات بۆ دوورخستنەوەی سەرجەم ئەو کەسانەی لە نزیک زبڵدانەکە دەژین”.
هاوكات پشكنەری حكومەتی ئۆگەندا لە پلاتفۆڕمی ” X” بڵاویكردەوە، حکومەت لێکۆڵینەوەکانی لە هۆکاری ئەو رووداوە دەستپێکردوە و هەر بەرپرسێک کەمتەرخەم بوبێت، رێوشوێنی یاسایی بهرامبهر دەگرنەبەر.
لەلایەكی دیكەوە رێكخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی لە راگەیاندراوێكدا بڵاویكردەوە، چادر بۆ ئەو کەسانە دانراوە کە بەهۆی رووداوەكەوە ئاوارە بوون.
شوێنی زبڵدانەکە کە بە “کیتیزی” ناسراوە، دەیان ساڵە وەک تاکە زبڵدانی کامپالا بەكاردەهێندرێت و بووەتە گردێکی گەورە، دانیشتوانی ئەو ناوچەیە لە مێژە گلەیی ئەوەیان هەیە کە پاشماوە مەترسیدارەکان ژینگە پیس دەکەن و مەترسی لەسەر دانیشتوان دروست دەکەن، ئەوە یەكەم رووداوی لەو جۆرە نیە و لە شوێنەکانی دیکەی ئەفریقادا کارەساتی هاوشێوە روویداوە.