پشكنين بۆ مەرجەکانی سەلامەتیی هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕان دەکرێت
  • TEBA KURDİ
  • رۆژەڤ
  • پشكنين بۆ مەرجەکانی سەلامەتیی هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕان دەکرێت

پشكنين بۆ مەرجەکانی سەلامەتیی هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕان دەکرێت

تشرینی یه‌كه‌م 8, 2023 16:29
پشكنين بۆ مەرجەکانی سەلامەتیی هۆڵەکانی ئاهەنگگێڕان دەکرێت
0

لایک

لە پێناو بەرژەوەندیی گشتی و سەلامەتی زیاتری هاووڵاتییان، لەسەر ڕاسپاردەی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم، لیژنەیەکی بەدواداچوون بۆ هۆڵی بۆنەکان لە سەرتاسەری هەرێم پێکهێنرا، تا بابەتی دڵنیایـی تەواو لەو هۆڵانەدا هەبێت و دڵەڕاوكێی هاووڵاتییان بڕەوێتەوە.

موقەدەم کاروان عەلی، بەرپرسی بەشی هونەری لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی ڕاگەیاند: ”لەسەر ڕاسپاردەی وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێم، لیژنەیەکی بەدواداچوون بۆ هۆڵی بۆنەکان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان پێکهاتووە، هەرچەندە لە کاتی مۆڵەتپێداندا ئەو کارانە کراون، بەڵام ئەم کارە زیاتر بۆ پێداچوونەوەیە بە هۆڵەکان. ئێستاش دەستەی گەشتوگوزار 38 هۆڵیان لە هەولێر بۆ ئێمە پێشنیار کردووە، بۆ ئەوەی بە دواداچوونیان بۆ بکەین و ڕەنگە ئەو ژمارەیەش زیاتر بێت.”

موقەدەم کاروان دەشڵێت: ”لیژنەکە لەلایەن جێگری پارێزگاری هەولێرەوە سەرپەرشتی دەکرێت و پێمان وایە کاری ئەو لیژنەیە ئەنجامی باش دەبێت.”

ئاماژەشی بەوەشدا: ”بە داخەوە دوای ئەو ڕووداوەی کە هەفتەی ڕابردوو لە حەمدانییە ڕوویدا، ترس و دڵەراوکێ لای هاونیشتمانیان دروست بووە، نەک تەنیا لە موسڵ، بەڵکوو لە هەموو عێراق و لە هەرێمی کوردستانیش، بۆیە ئێمە پێداچوونەوەیەکی زۆر باش دەکەین بۆ بەرجەستەکردنی دڵنیایی تەواوەتی و پابەندکردنی خاوەنی هۆڵەکان بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان و جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان.”

بەرپرسی بەشی هونەری لە بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی هەولێر ڕاشیگەیاند:” پێویستە هاووڵاتییان لە کاتی بەکرێگرتنی هۆڵێک، پرسیار لە لایەنی سەلامەتی بکات، چونکە بیرمان نەچێت هەر کاتێک دڵنیاییەکان زیاتر بن، ئەوەندە هاووڵاتی پارێزراوتر دەبن، بۆیە ئێمە کار دەکەین بۆ ئەوەی ئەنجامێکی باش لە هۆڵەکاندا هەبێت و مەرجی خۆپارێزی لەو شوێنانە بوونی زیاتریان هەبێت؛ بۆیە ئێمە سەردانی ئەو شوێنانە دەکەین، ئەگەر ڕێنماییەکانیان جێبەجێ نەکردبێت، ڕێکاری تایبەتییان بەرامبەر دەگرینە بەر، ئەویش بە داخستن یان سزادان، بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە خۆیدا بکات، ئەگەر شوێنەکانیشیان تەواو بێت، دەستخۆشییان لێ دەکەین.”

موقەدەم کاروان ڕوونیشی کردەوە، ناكرێت بەرژەوەندیی تاک بەسەر بەرژەوەندیی گشتیدا زاڵ بکرێت، بۆ ئەوەی چەند کەسێک قازانج بکەن چەندین کەسی دیکە تووشی زیان ببن و وتیشی: ”ڕێنماییی ئێمە لە ئێستادا ئەوەیە نابێت بە هیچ شێوەیەک ڕێگە بە بردنی یاری ئاگرین بۆ هۆڵەکان بدرێت. بە پێی بەرنامەی داهاتوومان و بەپـێـی ئەو بەرنامەیەی کە پێشتریش کارمان لەسەر کردووە، هەر هۆڵێک مەرجـی بەرگریی شارستانیی تێدا نەبێت، ناتوانێت شوێنەکەی بەکرێ بدات و دەبێت بابەتی دڵنیایی تەواو لەو هۆڵانەدا هەبێت.”

تیمێکی لیژنەکە لە پارێزگای هەولێر دەستی بە كارەكانی كردووە، سەرەتا سەردانی هۆڵەكانی ئاهەنگگێڕانی خێزانیی دەکەن، كە ژمارەیان لەناو سەنتەری شاری هەولێر 22 هۆڵە، تیمەكە ئەو تێبینیانەی هەیانە لەبارەی هۆڵەکان و کەموکوڕییەکانیان دیاری دەکەن، تا جێبەجێكردنی تەواوی مەرجەكانی سەلامەتی، ئەوانەی كەموكوڕییان هەیە دادەخرێن.

En az 10 karakter gerekli