دوای ئەوەی ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری بڕیاریدا بەهۆی ئەوەی پێچەوانەی سیاسەتی کۆمەڵ جوڵاتەوە، پەرلەمانتارێکی لە ریزەکانی بکاتەدەرەوە، ئەمڕۆ بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە و پەرلەمانتارەکەی گێرایەوە بۆ ناو ریزەکانی.
ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، “دوای ئەوەی بە بڕیاری ئەنجومەنی باڵای کۆمەڵی دادگەری عوسمان کانی کوردەیی ئەندامی پەرلەمان لە فراکسیۆنی کۆمەڵ لە ریزەکانی کۆمەڵ دورخرایەوە، بڕیارماندا بە هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە”.
ئاماژەی بەوەشداوە، لەمڕۆوە عوسمان کانی کوردەیی ئەندامی کۆمەڵ و فراکسیۆنەکەیەتی و پابەند دەبێت بە بڕیار و سیاسەتی کۆمەڵ و فڕاکسیۆنەکەیەوە.
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی 1ی 3ی 2023بەهۆی ئەوەی عوسمان کانی کوردەیی ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان-عێراق لە فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری بڕیاریدا لە پەرلەماندا درێژە بە کارەکانی بدات، ئەنجومەنی کۆمەڵی دادگەری بڵاویکردەوە، بەهۆی ئەوەی ئەو پەرلەمانتارە پابەندی سیاسەتی کۆمەڵ و فراکسیۆنەکەی نەبووە لە ریزەکانی کۆمەڵ کردوویەتییە دەرەوە و هیچ پەیوەندییەکەی بە کۆمەڵەوە نەماوە.