وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاند، لە ساڵی داهاتوودا هێڵی ئاسمانیی نوێ لەگەڵ ریاز و شارجە و دەککا و ئەندەنوسیا دەکەنەوە.
وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق ڕایگەیاند ، تا کۆتایی ئەمساڵ کێشەی تەکنیکی سێ لە فڕۆکەکان چارەسەر دەکرێت و دەخرێنە خزمەتەوە، ئەوانی دیکە لە ساڵی داهاتوودا کاریان لەسەر دەکرێت.
دوێنێ سێشەممە، مەیسەم سافی وتەبێژی وەزارەت ڕایگەیاند، هێڵی ئاسمانیی عێراقی بە گشتی خاوەنی ٣٩ فڕۆکەیە، لە ئێستادا تەنها ٢٧ فڕۆکەیان کار دەکەن و ئەوانی دیکە بە هۆی بوونی کێشەی تەکنیکی کاریان پێ ناکرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە پلانیاندایە لە ساڵی داهاتوودا لەگەڵ چوار ناوچەی نێودەوڵەتی کە بریتین لە ( ریاز، شارجە، دەککا و ئەندەنوسیا) هێڵی ئاسمانیی نوێ بکەنەوە. وتیشی، ئامانج لەم هەنگاوە بەرزکردنەوەی پەیوەندییە ئابووریی و گەشتیاریی و دووقۆڵییەکان، هەروەها راکێشانی گەشتیارانە لەگەڵ ئەو ناوچانە.