وتەبێژی وەزارەتی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان – عێراق ڕایدەگەیێنێت، لە ماوەی دوو ساڵدا پرۆژەی ڕووناكیی 24 كاتژمێری دەگاتە تەواوی هەرێم و ئێستا ڕۆژانە 14 بۆ 16 كاتژمێر كارەبا دەدرێت.
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبا ڕایگەیاند: توانای بەرهەمهێنانی كارەبا 3200 بۆ 3500 مێگاواتە و خواست لەسەر کارەبا 4000 تا 4500 مێگاواتە، ئێستا لەنێوان 14 بۆ 16 كاتژمێر كارەبا دەدرێت بە هاوبەشان.
بەپێی گوتەی وتەبێژی وەزارەتی كارەبا، كۆتایی بە كێشەی گەیاندنی كارەبا بۆ هەردوو وێستگەی 51 مێگاواتی و 29 مێگاواتی كارەبا لە سلێمانی هێنراوە.
هەورەها وتەبێژی وەزارەتی كارەبا ڕاشیگەیاند: لە ماوەی دوو ساڵدا پرۆژەی ڕووناكیی 24 كاتژمێری دەگاتە تەواوی هەرێمی كوردستان – عێراق، پڕۆژەكە خواست لەسەر کارەبا كۆنترۆڵ دەكات و بارگرانی لەسەر هاووڵاتیان و حكومەت کەم دەکات، پرۆژەكە ژینگەپارێزە.
هاوکات بە فەرمانی سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی، دەبێت پڕۆژەی ڕووناكی لە تەواوی هەرێمی كوردستان – عێراق بە هاوتەریبی جێبەجێ بكرێت، لە چوار گەڕەكی شاری هەولێر جێبەجێ كراوە و لە داهاتوویەكی نزیك لە هەردوو شاری سلێمانی و دهۆكیش دەستپێدەكات.