وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان روونکردنەوەیەکی لەبارەی پاڵاوگە نایاساییەکان بڵاوکردەوە و دەڵێت، جگە لە سێ پاڵاوگە، مۆڵەتیان بە هیچ پاڵاوگەیەکی دیکە نەداوە، ئەو سێ پاڵاوگەیش بەپێی مەرج و رێنوێنیی وەزارەتەکەیان کار دەکەن.
لە روونکردنەوەکەیدا وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان دەڵێت، بۆ پاراستنی ژینگە و تەندروستیی هاووڵاتییان پشتگیری لە رێکارەکانی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكان بۆ داخستنی پاڵاوگەی نایاساییەکان دەکات، “کە بەبێ مۆڵەتی وەزارەت و لە دەرەوەی رێنوێنییەکان دامەزراون.”
“جگە لە هەرسێ پاڵاوگەی كار و لاناز و قەیوان مۆڵەتمان بە هیچ پاڵاوتگەیەكی دیكە نەداوە، ئەوانیش بەپێی مەرج و رێنوێنییەكانی وەزارەت كار دەكەن،” ئەمەش وەکو لە روونکردنەوەکەی وەزارەتەکەدا هاتووە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، “پێدانی مۆڵەت بە پاڵاوگەکان لە رێگەی وەزارەت و پابەندبوون بە رێنوێنییەکان دەبێت، یەکێک لەوانە پێوەرەکانی پاراستنی ژینگەیە کە لایەنی ژینگەیی بەشی هەرە گرنگی رێنوێنییەكانە.”
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ئاماژەی بەوە داوە، بۆ پاراستنی ژینگەی کوردستان بە نووسراوی فەرمی پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكانی ئاگادار کردووەتەوە، “پێویستە رێکاری یاسایی بۆ پابەندکردنی موەلیدەكانی كارەبا و بەكارهێنانی گازی كوالێتی باش بەپێی خەسڵەتەكانی پەسندكراوی وەزارەت بگیرێتەبەر و، بۆ رێگری لە ساخكردنەوەی بەرهەمی نایاسایی و خراپیی پاڵاوگەكانیش داوا لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان کراوە تاقیگە نایاساییەکان دابخەن.”
بۆ داخستنی سەرجەم پاڵاوگە نایاساییەکان، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەڵێت، “ئامادەی هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانین.”