لە هێرشێکی چەکدارییدا بۆسەر مۆڵێک لە ویلایەتی تێکساس باشووری ئەمریکا، هەشت کەس گیانی لەدەستدا.
جۆناسان بۆید، سەرۆکی بەشی ئاگرکوژێنەوەی ئالن لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا باسی لەوە کرد کە ئەنجامدەری هێرشەکە بە مردوویی دەستگیرکراوە.
ئاماژەی بەوە کرد، تەقەکارەکە هەشت کەسی کوشتووە و حەوت کەسی دیکەشی بریندارکردووە کە بچووکترینیان تەمەنی پێنج ساڵانە.
بۆید باسی لەوە کرد کە لەو رووداوەدا بە ئەنجامدەری هێرشەکەوە، حەوت کەس لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستداوە و دوو کەسیش دوای گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە و حەوت کەسی دیکەش برینداربوون کە برینی سیانیان سەختە.
هاوکات بریان هارڤی، سەرۆکی بەشی پۆلیسی ئالن، لە لێدوانێکیدا بۆ دانیشتوانی ناوچەکە کە گەواهیدەری رووداوەکەن رایگەیاند: ”ئەوانەی تۆماری ڤیدیۆییان سەبارەت بە رووداوەکە لایە، یان گەواهیدەری شتێکی گرنگن لەو بارەیەوە پەیوەندی بە ئێف بی ئای-ەوە بکەن”.
هارڤی پێشتر لە راگەیەندراوێکیدا باسی لەوە کردبوو کە ئەو تەقەکەرەی لە مۆڵی “Allen Premium Outlets” دەستڕێژی گولـلەی لە خەڵکی کردبوو لە چالاکی خراوە.
لەو دیمەنانەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتییدا بڵاوکراونەتەوە، خەڵکی بەدی دەکرێت کە لە دەرەوەی مۆڵەکە خۆیان داوە بە زەویدا.