رووسیا و ئێران کار لەسەر رێککەوتنی گەورە دەکەن
  • TEBA KURDİ
  • جیهان
  • رووسیا و ئێران کار لەسەر رێککەوتنی گەورە دەکەن

رووسیا و ئێران کار لەسەر رێککەوتنی گەورە دەکەن

كانونی یه‌كه‌م 12, 2023 21:07
رووسیا و ئێران کار لەسەر رێککەوتنی گەورە دەکەن
0

لایک

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا ئه‌مڕۆ سێشەممە رایگەیاند، رووسیا و ئێران كاره‌كان لەسەر “رێککەوتنی بازرگانی نوێی گەورە” لە نێوان هەردوو وڵات خێراتر دەکەن.

وەزارەتی دەرەوەی رووسیا چوارچێوەی رێککەوتنەکەی ئاشکرا نەکردووه‌، ئەوەش لەژێر رۆشنایی پەرەسەندنی پەیوەندییە سیاسی و بازرگانی و سەربازییەکانی نێوان مۆسکۆ و تاران دێت کە ئەمریکا بە نیگەرانییەوە سەیری دەکات.

وەزارەتەکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، وەزیرانی دەرەوەی هەردوو وڵات، سێرگی لاڤرۆڤی رووسی و حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیانی ئێرانی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا رێککەوتن لەسەر خێراکردنی کارکردن لەسەر رێککەوتنەکە، کە “لە پلەیەکی بەرزی ئامادەییدایە“.

هەفتەی رابردوو ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا لە کۆشکی کرملین لەگەڵ ئیبراهیم رەئیسی هاوتا ئێرانییەکەی وتوێژی پێنج کاتژمێری ئەنجامدا.

هاوشێوەی کۆریای باکوور کە لە مانگی ئەیلولدا کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی وڵاتەکەی لە دووری رۆژهەڵاتی رووسیا لەگەڵ پوتین کۆبووەوە، ئێران “دوژمنێکی ئاشکرا”ی ئەمریکایە و دەتوانێت لە شەڕەکەیدا لە ئۆکرانیا کەرەستەی سەربازی بۆ مۆسکۆ دابین بکات، بەپێی راپۆرتی رۆیتەرز ئه‌مڕۆ سێشەممە، فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئێران بە شێوەیەکی بەرفراوان بەکارهێنراون.

کرێملن مانگی رابردووو رایگەیاند، روسیا و ئێران کار بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکانیان دەکەن، لەوانەش لە بواری هاوکاری سەربازی- تەکنیکی، بەڵام رەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەسەر ئەو پێشنیارەی کۆشکی سپی بدات کە ئێران رەنگە بیر لە دابینکردنی مووشەکی بالیستیکی بۆ رووسیا بکاتەوە.

 

دەسەڵاتدارانی ئێران پێشتر رایانگەیاندبوو، هاوکارییە سەربازییەکان لەگەڵ رووسیا “رۆژ لە دوای رۆژ فراوانتر دەبێت”، هه‌روه‌ها رێکخستنە پێویستەکانیان بۆ رووسیا تەواوکردووە بۆ ئەوەی فڕۆکەی جەنگی سو-35 و کۆپتەرە هێرشبەرەکانی می 28 و فڕۆکەی راهێنانی فڕۆکەوانی یاک-130ی بۆ دابین بکات.

En az 10 karakter gerekli