وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، دەست بە خەرجکردنی مووچەی مانگی شوبات فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان-عێراق دەکەن و بە دادگای فیدڕاڵییان وتووە، تەنها بۆ مانگی ئازار میکانیزمی یەکلایی کردنەوەی مووچەی فەرمانبەران پێویستی بە ماوەیەکی کاتی هەیە.
وەزارەتی درایی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر راسپاردەکانی سەرۆک وەزیران و قبوڵکردنی لەلایەن تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و بە پشتبەستن بە نووسراوی دادگای فیدڕاڵی، وەزارەتەکە دەستی کردووە بە خەرجکردنی مووچەی مانگی شوباتی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان-عێراق.
ئاماژە بەوەشکراوە، بە دادگای فیدڕاڵییان راگەیاندووە، بەپێی ئەو نووسراوەی ئاڕاستەیان کراوە، مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەرانی هەرێمییان خەرجکردووە، بەڵام بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازار و دواتر، پێویستە داواکارییەکانی جێگیرکردنی مووچەی فەرمانبەران لە بانکە نیشتمانییەکانی عێراق لەلایەن کاربەدەستانی هەرێمەوە جێبەجێ بکرێت.
ئەوەشخراوەتەڕوو، وەزارەتی دارایی بەرپرسیارێتی یاسایی لەبارەی راستی و دروستی ئەو داتایانە دەخاتە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق کە ئاڕاستەی لایەن و دەستە چاودێری و یاساییەکانی سەر بە حکومەتی عێراقی کردووە.
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 130 ملیار دیناری خستە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو بڕە پارەیەش تایبەتە بە مووچەی خانەنشینانی سەربازی و مەدەنی، هەروەها مووچەی خاوەنپێداویستی تایبەت.