نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، ئەڵمانیا بڕیاریداوە کونسوڵخانە گشتییەکانی لە رووسیا دابخات، بەڵام هیچ هۆکارێک لە بارەی ئەو بڕیارەوە بە رووسیا نەوتراوە.
ماری زاخارۆڤا نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رایگەیاند، ئەڵمانیا بڕیاریداوە کونسوڵخانە گشتییەکەی لە رووسیا دابخات، ئەو هەنگاوەی بەرلینیش لە چوارچێوەی سیاسەتێکە، کە ئامانجی راگرتنی کۆمەلێک پەیوەندییە هاوبەشە لەگەڵ رووسیادا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بریارەی ئەڵمانیا لەسەر تێکچوونی پەیوەندییەکانی نێوان وروسیا و ئەو وڵاتە وێنە دەداتەوە، تا ئێستا ئەو کونسوڵخانە گشتییانەی ئەڵمانیا دیارینەکراون کە بڕیارە لە رووسیا دابخرێن، هەروەها هیچ زانیارییەک لە بارەی وادەی داخستنیان ئاشکرا نەکراوە.
نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی رووسیا وتیشی، “ئەڵمانیا هیچ هۆکارێکی دیاریکراوی بۆ داخستنی کونسوڵخانەکانی پێ نەوتوین.”
دەتوانرێت ئەم بڕیارە وەک بەردەوامی تێکچوونی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و زیادبوونی نیگەرانییەکانی نێوان رووسیا و وڵاتانی رۆژئاوا سەیربکرێت.
هەر لەو بارەیەوە ماڵپەڕی فەرمی نوێنەرانی دەرەوەی ئەڵمانیا بڵاویکردەوە، کونسوڵخانەکانی ئەڵمانیا لە رووسیا لەمڕۆوە دادەخرێت، کونسوڵخانە ئەڵمانییەکان لە ناوچەکانی نۆڤۆسیبێرسک و یێکتانبێرگ لە کارکردن وەستاون.