سەرۆك بارزانی پاڵپشتی و پیرۆزبایی خۆی بە مەحموود مەشهەدانی ڕاگەیاند
سەرۆك بارزانی لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا پیرۆزبایی لە مەحموود مەشهەدانی، سەرۆكی تازەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەكات.
ئەمرۆ هەینی 1-11-2024 سەرۆک بارزانی و مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی تازەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجام دا.
هەروەها بارەگای بارزانی ڕایگەیاند: لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا سەرۆك بارزانی پاڵپشتی و پیرۆزبایی خۆی بە مەحموود مەشهەدانی ڕاگەیاند بۆ هەڵبژاردنی وەك سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەبەرامبەریشدا سەرۆکی تازەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق سوپاسی هەڵوێست و پشتگیرییەکانی سەرۆک بارزانی کرد لە چارەسەرکردنی کێشەکان و هەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق.
هاوکات هەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا جەخت لە چارەسەركردن و یەکلاییکردنەوەی كێشە هەڵواسراوەكان و تێپەڕاندنی ئەو یاسایانە كرایەوە كە لە بەرژەوەندیی گەلانی عێراقدان و دەبنە هۆی چارەسەركردنی گرفتەكانی نێو پڕۆسەی سیاسیی عێراق.
دوێنێ پێنجشەممە 31ـی تشرینی یەکەمی 2024 پەرلەمانی عێراق بۆ دەنگدان لەسەر هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ کۆ بووەوە و هەر یەکە لە مەحموود مەشهەدانی، سالم عیساوی، تەڵاڵ زوبەعی، عامر عەبدولجەبار، کاندید بوون بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان.
مەحموود مەشهەدانی لە گەڕی دووەمی دەنگداندا، لە کۆی 271 دەنگ، 182 دەنگی بەدەست هێنا و بە سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرا.