بە پێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی شارەوانی، ئامادەكارییەكانی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێم خێراتر كراوە و بەزووترین کات لەو شارەوانییانەی كە كارە هونەری و كارگێڕییەكانیان تەواو كردووە دابەشكردنی زەوی دەست پێ دەكات.
ئەمڕۆ دووشەممە، 07-10-2024، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە: “ئێستا لێژنەی باڵای دابەشكردنی زەوی لە وەزارەتەکە ڕۆژانە لە بەیانییەوە تاوەكوو ئێوارە، بە چڕی كار لەسەر فۆرمەكانی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دەكەن و هەنگاوەكانی پرۆسەكەش زۆر بە باشی چووەتە پێش و بەزووترین كات، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، دابەشكردنی زەوی دەست پێ دەكات”.
هەر ئەمڕۆ، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە دیوانی وەزارەت لەگەڵ تیمی وەزارەت بۆ دابەشكردنی زەوی كۆ بووەوە و داوای لێیان کرد “بە زووترین كات سەرجەم كارەكان تەواو بكەن”. پرۆسەكە لە كەمترین كاتدا دەست پێ دەكات.
وەزارەتی شارەوانی هەروا ڕایگەیاندووە: “بڕیاری سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە كردەیی دەچێتە بواری جێبەجێكردن و زەوی بەسەر فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دابەش دەكرێت”. ئاماژە بەوەش کراوە، ئەو شارەوانییانەی كە هەموو ڕێكارەكانیان تەواو كردووە بە زووترین كات پرۆسەی دابەشكردنی زەوی لەو شارەوانییانە دەست پێ دەكات و لە ماوەیەكی زۆر كەمدا سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەی مەرجەكان دەیانگرێتەوە، زەوییان بەسەردا دابەش دەكرێت.