ئەمڕۆ پێنجشەممە، کەشناسی عێڕاق ڕایگەیاند، لە هەفتەی داهاتووەوە شەپۆلێکی توندی سەرما روو لە ناوچەکانی عێراق و بە تایبەتی لە هەرێم دەکات و پلەکانی گەرما بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزن
کەشناسی هەرێمیش ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ پلەکانی گەرما تا رادەیەک بە جێگیری دەمێننەوە، ئاسمان ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت لە هەندێک ناوچەش دەگۆڕێت بۆ نیمچە هەور.
دەشڵێت: “پلەکانی گەرما لە ناوچەکانی ڕۆژئاوا و ناوەڕاست بە بەغداشەوە نزم دەبێتەوە، لە باشووریش وەک خۆی دەمێنێتەوە گۆڕانێکی ئەوتۆی نابێت.”
دەستەی کەشناسی جەختیشی کردەوە “ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو هەوای سارد و باران ناوچەکانی هەرێمی کوردستان – عێراق و باکووری ڕۆژهەڵاتی عێراق دەگرێتەوە، هەرچەندە بارانەکە کورت مەودایە لەگەڵ بەفربارینی لە ناوچە شاخاوییەکاندا.”
هاوکات، لەگەل هاتنی شەپۆلی سەرما لە هەفتەی داهاتووەوە بارانبارانیش ناوچەکانی عێراق و هەرێم دەگرێتەوە.
لە هەمان کاتدا پێشبینی دەکرێت، پلەکانی گەرما بۆ ژێر 20 پلە نزم بێتەوە، هەروەها لە کۆتایی هەفتەی داهاتوودا پلەی گەرما لە بەغدا دەبێتە 16 پلەی سەدی و ڕەنگە لە موسڵ و ناوچەکانی هەرێم بۆ 12 پلەی سەدی دابەزێت.