ئێران هۆشداری دایە عێراق و رایگەیاند، “ئەگەر حکومەتی بەغداد هەڵوێستی نەبێت بەرامبەر گرووپە جوداخوازەکان دووبارە دەست بە هێرشەکانیان دەکەنەوە”.
بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی تەسنیم، محەمەد پاکپور، فەرماندەی ھێزی وشکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە لێدوانێکیدا ئاماژەی بەوە داوە “رێککەوتنێکمان لەگەڵ حکومەتی عێراق کرد و بەڵێنی ئەوەیان دا کە گروپە تیرۆریستییەکان لەناو ببەن، بێچەکیان بهێڵنەوە و لە وڵات دەریانکەن”.
پاکپور وتیشی “چاوەڕێین حکومەتی عێراق بەرپرسیارییەتەکانی جێبەجێ بکات. چانسێکمان پێدان، بە پێچەوانەوە سوپای پاسداران دەست بە هێرشەکانی دەکاتەوە”.
ئەمە لە کاتێکدایە لە نێوان مانگەکانی ئەیلول و تشرینی دووەمی ساڵی پار ئێران چەند جارێک بە دڕۆن و موشەک هێرشی کردە سەر بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە هەولێر و کۆمەڵە لە سلێمانی.