میدیای ئیسرائیل دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی لە کۆبوونەوەی ئەم ئێوارەیەدا پێشنیازی ئاگربەستی بۆ جەنگی نێوان سوپای ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان پەسندکردووە. بنیامین نەتەنیاهووش دەڵێت، ئاگربەست دەرفەتیان پێدەدات سەرنجی زیاتریان لەسەر “هەڕەشەکانی ئێران” بێت.
ئەمشەو میدیای ئیسرائیل بڵاویکردەوە، حکومەتی وڵاتەکەی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ئەو پێشنیازەی پەسندکردووە کە ئیدارەی بایدن بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان حکومەتی ئیسرائیل و حیزبوڵڵای لوبنان پێشکێشی کردووە.
هەروەها بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیلیش کاژێر 21:00 لە گوتارێكدا ڕایگەیاند، سوپای وڵاتەکەی توانیویەتی توانای سەربازیی حیزبوڵڵا بۆ چەندین دەیە بگەڕێنێتەوە دواوە و هۆشداریشیدا لە ئەگەری هەر پێشێلکارییەکی ئاگربەست لەلایەن حیزبوڵڵاوە و گوتی، لە دۆخێکی لەو جۆرەدا بە تووندی وەڵامی ئەو هێزە لوبنانییە دەدرێتەوە.
دوای گوتارەکەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بڕیارە کاژێر 10:30ی ئەمشەو بەکاتی هەولێر(ئەربیل)، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا وردەکاری ئاگربەستەکە رابگەیێنێت.
هاوکات نەتەنیاهوو لەبارەی جەنگی نێوان سوپای وڵاتەکەی لەگەڵ حەماس و حیزبوڵڵا قسەی کرد و ڕایگەیاند، “توانیمان رووخساری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگۆڕین. ئەم ئاگربەستەش بە واتای ئەوە دێت دەتوانین سەرنجمان لەسەر هەڕەشەکانی ئێران بێت.”
بەگوێرەی پێشنیازەکەی ئەمریکا بۆ راگرتنی جەنگی لوبنان، ئاگربەستەکە بۆ دوو مانگە و پێویستە چەکدارانی حیزبوڵڵا تاوەکو باشووری رووباری لیتنی لە باشووری لوبنانەوە بکشێنەوە کە نزیکەی 20 کیلۆمەترێک لە سنوورەکانی ئیسرائیلەوە دوورە.