ئاماری فرۆشتنی نەوتی هەرێم ئاشکراکرا

ئاماری فرۆشتنی نەوتی هەرێم ئاشکراکرا

بەپێی راپۆرتێکی کۆمپانیای دیلۆیت، داھاتی فرۆشی نەوتی ھەرێم بۆ چارەگی یەکەمی ئەمساڵ، گەیشتووەتە دوو ملیار و 199 ملیۆن و 684 ھەزار و 396 دۆلار.

ته‌مموز 13, 2023 16:58
ئاماری فرۆشتنی نەوتی هەرێم ئاشکراکرا
0

لایک

حکوومەتی ھەرێم بۆ چارەگی یەکەمی ئەمساڵ، بە بەھای دوو ملیار و 199 ملیۆن و 684 ھەزار و 396 دۆلار، نەوتی فرۆشتووە کە 946 ملیۆن و 497 ھەزار و 142 دۆلاری بۆ مووچەی مووچەخۆران خەرج کراوە.

کۆمپانیای جیھانیی دیلۆیت لە راپۆرتێکدا ئاماری بەرھەمھێنان، ھەناردەکردن، خەرجی و فرۆشتنی نەوتی ھەرێمی کوردستانی بۆ چارەگی یەکەمی ئەمساڵ بڵاوکردەوە.

لە راپۆرتەکەی کۆمپانیای دیلۆیت-دا کە لە ماڵپەڕی فەرمیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوەکراوە کۆی بەرھەمھێنانی نەوتی ھەرێمی کوردستان 36 ملیۆن و 723 ھەزار و 475 بەرمیل بووە و لەو ژمارەیە 32 ملیۆن و 307 ھەزار و 382 بەرمیلی لێ ھەناردەکراوە، ھەروەھا چوار ملیۆن و 39 ھەزار و 232 بەرمیلیشی بۆ پاڵاوگاکان تەرخان کراوە و بڕی فرۆشی ناوخۆیش، گەیشتووەتە 376 ھەزار و 861 بەرمیل.

کۆمپانیای دیلۆیت لە چوارچێوەی پڕۆسەی وردبینیی کەرتی نەوت و غاز لە ھەرێمی کوردستان و وەک بەشێک لە دەستپێشخەریی تایبەت بە شەفافییەت لە بەرنامەی کاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەر چوار مانگ جارێک راپۆرتی پشتڕاستکراوەی تایبەت بە داتا و زانیارییەکان لەبارەی پرۆسەی ھەناردەکردن، بەکاربردن، خەرجی و داھاتەکانی نەوتی ھەرێم بڵاو دەکاتەوە.

لە راپۆرتەکەدا ئەوەش خراوەتە ڕوو کە داھاتی گشتیی فرۆشی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ چارەگی یەکەمی ئەمساڵ دوو ملیار و 199 ملیۆن و 684 ھەزار و 396 دۆلار بووە و تێکڕای نرخی بەرمیلێک نەوت بە 67639 دۆلار فرۆشراوە.

بەپێی راپۆرتەکە داھاتی فرۆشی نەوتی ناوخۆ، 22 ملیۆن و 98 ھەزار و 456 دۆلار بووە کە تێکڕای نرخی یەک بەرمیل بە 58638 دۆلار فرۆشراوە.

کۆمپانیای ناوبراو راشیگەیاندووە، خەرجییەکانی پڕۆسەی نەوت بۆ چارەگی یەکەمی ئەمساڵ، یەک ملیار و 253 ملیۆن و 187 ھەزار و 254 دۆلار بووە و ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە 946 ملیۆن و 497 ھەزار و 142 دۆلار وەک داھات بۆ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ماوەتەوە کە بۆ مووچەی مووچەخۆران خەرج کراوە.

En az 10 karakter gerekli