زیادبوونی رێژەی جیابوونەوە لە عێراق جێگای نیگەرانییە

تشرینی دووه‌م 26, 2023 22:10
0

لایک

بەپێی ئاماری ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق، لە هەر کاتژمێرێکدا هەشت حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار دەکرێت.

پارێزەران و توێژەران رێژەی جیابوونەوە لە عێراق بە مەترسیدار وەسف دەکەن و پێشبینی دەکەن ئەگەر هۆکارەکانی چارەسەر نەکرێن لە ساڵانی داهاتوودا رێژەکە زیاد دەکات.

هۆکاری سەرەکی زیادبوونی حاڵەتەکانی جیابوونەوە لە عێراق بە گشتی وەک گەشەسەندنی تەکنەلۆژیا و ناتەبایی ئابووری و کۆمەڵایەتی دادەنرێت.

بە وتەی شارەزایان، بەهۆی کاریگەریی تەکنەلۆژیاوە، ساردی لە پەیوەندی نێوان هاوسەرەکاندا روودەدات، هاوسەرەکانیش لە یەک ماڵدا پێیان باشترە کات لە سۆشیال میدیا بەسەر بەرن نەوەک لەگەڵ یەکتر گفتوگۆ بکەن. لە ئەنجامدا رۆژ لە دوای رۆژ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و سەختی ئابووری و سۆشیال میدیا وەک هۆکاری سەرەکی زیادبوونی حاڵەتەکانی جیابوونەو لە وڵاتەکەماندا دادەندرێت و لەزیاد بووندایە.

جگە لە کێشە و قەیرانەکانی عێراق، زیادبوونی رێژەی جیابوونەوە بۆتە کێشەیەکی دیکە بۆ کۆمەڵگا و شارەزایان وای بۆ دەچن کە ئەم دۆخە رەنگە لە داهاتوودا لێکەوتەی نەرێنی زیاتری هەبێت.

بەپێی دوایین ئاماری ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، رێژەی جیابوونەوە گەیشتووەتە ئەو ئامارە مەترسیدارەی کە لە کاتژمێرێکدا هەشت حاڵەت تۆمار دەکرێت. بە وتەی چاودێران، ئەگەر دۆخەکە وەک خۆی بمێنێتەوە، ئەوا ئەم ژمارانە لە پێنج ساڵی داهاتوودا دوو هێندە زیاد دەکات.

پارێزەر نەوزاد دۆغرەمەچی، لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی تەبا سەبارەت بەو بابەتە رایگەیاندووە کە لەم ساڵانەی دواییدا رێژەی جیابوونەوە زیادی کردووە.

دۆغرەمەچی وتی،”ئەگەر بە گشتی سەیری ئەم دۆخە بکەین، هەروەک چۆن رێژەی جیابوونەوە لە دادگاکاندا زیادی کردووە، رێژەی هاوسەرگیریش رۆژانە زیاد دەکات.”

دۆغرەمەچی ئاماژە بەوەدەکات کە گەنجان کاتێکی هەڵە بۆ هاوسەرگیری هەڵدەبژێرن و بە گشتی هۆکاری جیابوونەوەش ئەمەیە و دەڵێت، “وەک پارێزەرێک رۆژانە شاهیدی ئەم هاوسەرگیریانە دەبین، لە زۆر شوێن بەتایبەتی لە سۆشیال میدیادا باس لەوە دەکرێت کە هۆکاری جیابوونەوە دەگەرێتەوە بۆ باری داراییەوە. بەڵێ رەنگە بارودۆخی دارایی یەکێک بێت لە هۆکارەکان، بەڵام بە بۆچوونی من زۆرێک لە هۆکارەکانی ئێستای جیابوونەوە دەگەڕێتەوە بۆ هەڵبژاردنی کەسی هەڵە و کاتی هەڵە بۆ هاوسەرگیری.”

پارێزەر دۆغرەمەچی ئەوەشی خستەڕوو، “گەنجانی ئێستا هاوسەرگیریی دەکەن بەبێ ئەوەی هەست بە بەرپسیاریەتی بکەن لە هاوسەرگیری،  ئەمەش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی زیادبوونی رێژەی جیابوونەوە. بەداخەوە ئەمڕۆ گەنجان بەبێ هۆشیاری جددی هاوسەرگیری دەکەن. دوا شت کە گەنجەکانمان لە ژیانی هاوسەرگیریدا بیری لێدەکەنەوە ئەوەیە کە ئایا دەتوانن ئەم بەرپرسیارێتییە هەڵبگرن یان نا.”

لە کۆتایی قسەکانیدا دۆغرەمەچی وتی، “لە لایەکەوە فشاری دارایی و لە لایەکی دیکەوە بێ ئەزموونی ژن و مێردەکە و  ئەو هۆکارانەی باسمان کرد، دەبنە هۆی کۆتایی هاتنی هاوسەرگیرییەکان.”

En az 10 karakter gerekli