ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێكەوتی 13ـی ئاداری 2025، کۆبوونەوەیەکی بەپەلە بە سەرۆکایەتی فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، وەزیرانی کۆچبەران، وەرزش و لاوان، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، و پەروەردە، نوێنەری وەزارەتی ناوخۆ، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری، سەرۆکی دەستەی ئاسایشی نیشتمانی، بریکاری وەزارەتی ئاسایشی نیشتمانی و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی حکومەتی بەڕێوە چوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، باس لە ناوەرۆکی نامەکەی نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کراوە، سەبارەت بە دەستنیشانکردنی بۆشاییەکانی کار کە لە ئەنجامی بڕینی بودجە لەلایەن ئەمەریکاوە سەرهەڵدەدات و کاریگەرییەکانی لەسەر بەرنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق دەبێت.
لە ڕاگەیەندراوێکدا هاتووە “کۆمەڵێک بڕیاری گرنگ دراوە بۆ پاڵپشتیی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و دامودەزگا عێراقییەکان، کە کار لەسەر ئەم بابەتە دەکەن، دڵنیابوون لە بەردەوامی گواستنەوەی خێزانە عێراقییەکانی کەمپی هۆل.”
هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە بەرپرسیارێتی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرایەوە بۆ داخستنی بەشی دووەمی دۆسییەی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش، لەڕێگەی شیاندنەوەی ئەو خێزانانەی کە تێوە گلاون. جەختیش لەوە کراوە، ئەمە بەرپرسیارێتی هاوبەشە نەک بەتەنیا عێراق، بۆیە داوا لە ئەمریکا دەکەین بە بڕیارەکەی سەبارەت بە ڕاگرتنی پاڵپشتی بۆ ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە عێراقدا، بچێتەوە.
پێنجشەممەی ڕابردوو لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆبوونەوەیەک بە ئامادەبوونی قاسم ئەعرەجی ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بەڕێوەچوو، بۆ تاوتوێکردنی کاردانەوەکانی بڕیاری ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی هاوکارییەکان بۆ ڕێکخراوە مرۆییەکان و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوەندی ئەمەل بۆ چاکسازیی دەروونی و کۆمەڵگا.
لە کۆبوونەوەکەدا، کاردانەوەی بڕیاری ڕاگرتنی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ڕێکخراوە مرۆییەکان و کاریگەرییەکانی لەسەر ناوەندەکە تاوتوێ کرا، هەروەها باس لە نۆژەنکردنەوەی ناوەندی جەدعە کرا بۆ پێشوازی لەو خێزانانەی لە کەمپی هۆڵەوە دەگەڕێنەوە.