نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی سەردانەکەی بۆ ئەڵمانیا و کۆبوونەوەی لەگەڵ ئۆلاڤ شۆڵز، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند، “لە کۆبوونەوەکەدا ئەو بابەتانەی هاوبەشبوون لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق باسکران”.
نێچیرڤان بارزانی دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ راوێژکاری ئەڵمانیا، بۆ رۆژنامەوانان دوا.
بارزانی رایگەیاند “ئەوەی جێگەی بایەخی هەردوولامان بوو لەو کۆبوونەوەیە باسمان کرد، چۆنیەتیی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانمان لە رووی ئابووری و سیاسییەوە باس کرد، داواشمان کرد (راوێژکاری ئەڵمانیا) سەردانی هەرێمی کوردستان و عێراق بکات، ئەویش بە بایەخەوە گرنگی بە پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق دەدەن.”
سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەکانی لە ئەڵمانیا بە گرنگ ناوبرد و وتی، ئەڵمانیاش بەلایەوە گرنگە کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان بەهێزتر بن. وتیشی، بەغداد هەنگاوی پێویستی بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان نەناوە.
نێچیرڤان بارزانی لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا ئاماژەی بەوە دا، “سەردانی ئێمە بۆ بەرلین لەسەر داوای راوێژکاری ئەڵمانیا بووە، ئەمڕۆ ئێوارە دیدارێکی باشمان هەبوو، لەو دیدارەدا ئەو شتانەی کە هاوبەش بوون لە نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا باس کران، هەروەها پەیوەندیی عێراق لەگەڵ ئەڵمانیا باس کرا.”
راشیگەیاند، “سەردانەکانی ئێمە بۆ ئەڵمانیا، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە، لە هەموو کۆبوونەوەکان باڵیۆزی عێراق بەشدار بووە و وەکو یەک تیم قسەمان کردووە، بڕوا ناکەم بەغدا بیەوێت کێشە بۆ ئەم دیدارانە دروست بکات.”
بارزانی لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان وتی، “ئەو بابەتە بەشێکی پەیوەندی بە بەغدا و بەشێکی دیکەیش پەیوەندی بە تورکیاوە هەیە. بەڵام بەڕاستی بەداخەوە ئەو هەنگاوانەی کە پێویستن لە بەغداوە بنرێن بۆ ئەوەی دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکرێتەوە، تاوەکو ئێستا ئەو هەنگاوانە نەنراوە.”
هاوکات بارزانی سەبارەت بە کۆبوونەوەکە لە تویتەر رایگەیاند “شەرەفمەند بووم کە ئەمڕۆ لە بەرلین لەگەڵ ئولاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا کۆبوومەوە. بۆچوونمان لەسەر پتەوترکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئەڵمانیا هاوبەش کرد. هەروەها سوپاسگوزاری خۆمم دەربڕی بۆ پشتگیرییەکانی ئەڵمانیا لە کاتە سەختەکاندا لە ماوەی ساڵانی رابردوودا.”