عێراقچی بۆ ترەمپ.. ناتوانیت دەسەڵات و ڕژێم لە ئێران بگۆڕیت

عێراقچی بۆ ترەمپ.. ناتوانیت دەسەڵات و ڕژێم لە ئێران بگۆڕیت

شوبات 28, 2026 20:28
عێراقچی بۆ ترەمپ.. ناتوانیت دەسەڵات و ڕژێم لە ئێران بگۆڕیت
0

لایک

وەزیری دەرەوەی ئێران، دڵنایی دایە جیهان کە سەرکردە باڵاکانی ئێران سەلامەتن و رژێمی وڵاتەکەی مەترسیی لەسەر نییە. عێراقچی جەختی کردەوە کە هێرشەکانیان تەنیا دژی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکایە وەک مافی بەرگریکردن لە خۆیان، هاوکات ئیسرائیلی بە کوشتنی دەیان منداڵ و بەلاڕێدابردنی خۆپیشاندانەکان تۆمەتبار کرد.

شەممە، ٢٨ـی شوباتی ٢٠٢٦، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (NBC)ـی، تیشکی خستە سەر دۆخی ناوخۆیی ئێران، دانوستانە ئەتۆمییەکان، و گرژییە سەربازییەکانی ناوچەکە.

عێراقچی رەتی کردەوە کە هێرشەکان کاریگەریی ریشەیییان لەسەر دەسەڵاتی ئێران هەبووبێت و رایگەیاند: “دۆخەکە لەوانەیە ئاسایی نەبێت، بەڵام ژیان بەردەوامە و هەموو شتێک لەژێر کۆنترۆڵدایە.”

ناوبراو دڵنیایی دا کە ڕێبەری باڵای ئیسلامیی ئێران و سەرۆککۆماری وڵاتەکە لە ژیاندا ماون و سەلامەتن، ئەگەرچی ئاماژەی بەوەش دا کە لەوانەیە چەند فەرماندەیەک لەدەست دابێت. هەروەها پەیامێکی ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ کرد و رایگەیاند: “ناتوانیت دەسەڵات و ڕژێم لە ئێران بگۆڕیت.”

سەبارەت بە هێرشەکانی ئێران، عێراقچی روونی کردەوە کە وڵاتەکەی هیچ نیازێکی نییە هێرش بکاتە سەر وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە، بەڵکو ئامانجی ئەوان تەنیا بنکە سەربازییەکانی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا.

وتیشی: “ئەم هێرشانە لە چوارچێوەی مافی بەرگریکردن لە خۆماندایە؛ ناکرێت ئەوان هێرش بکەنە سەرمان و ئێمەش تەنیا تەماشاکەر بین. ئەگەر هێرشەکان بوەستن، ئێمەش بەرگرییەکان رادەگرین.”

عێراقچی رەخنەی توندی لە سیاسەتی ئەمریکا گرت و بە “ناپاک” لە دانوستانەکاندا وەسفی کرد. ئاشکرای کرد، کە تیمێکی تەکنیکییان رەوانەی ڤیەننا کردووە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان.

وتیشی: “جێگەی سەرسوڕمانە، هەر کاتێک دەست بە دانوستان دەکەین، ئەمریکا لە ناوەڕاستی گفتوگۆکاندا هێرش دەکاتە سەرمان، وەک ئەوەی لە مانگی حوزەیرانی رابردوو و ئەمجارەش روویدا.” جەختیشی کردەوە کە ئێران چەکی ئەتۆمی ناوێت و پێشتر نیازپاکی خۆی سەلماندووە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عێراقچی ئیسرائیلی بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ تۆمەتبار کرد و ئاماژەی بە هێرشێک کرد بۆ سەر قوتابخانەیەک لە شاری “میناب” کە بەهۆیەوە ٥٧ منداڵ کوژران. ئەو وتی: “کەسێک بتوانێت هێرش بکاتە سەر قوتابخانە، دەتوانێت هەموو تاوانێکی دیکەش ئەنجام بدات.”

سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی ئێرانیش، عێراقچی ئامارێکی  خستە روو و رایگەیاند: کە ٣ هەزار و ١١٧ کەس لە خۆپیشاندانەکاندا کوژراون. 

ئەو باسی لەوە کرد، کە سەرەتا خۆپیشاندانەکان ئاشتییانە بوون، بەڵام چەکدارانی سەر بە دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد) دزەیان کردووەتە ناو ریزەکانەوە و تەقەیان لە هێزە ئەمنییەکان و خۆپیشاندەرانیش کردووە تا ژمارەی قوربانیان زیاد بکات.

En az 10 karakter gerekli