وڵاتی ماڵدیڤ بەهۆی بەردەوامیی جەنگی غەززەوە، سەردانیکردنی هاوڵاتییانی ئیسرائیل قەدەغە دەکات و وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیلیش داوا دەکات، هاوڵاتییانیان سەردانی ئەو وڵاتە نەکەن.
ماڵدیڤ وڵاتێکی موسڵماننشینی بچووکە، بەڵام بەهۆی جوانیی دوورگەکانییەوە کە ژمارەیان لە هەزار دوورگە زیاترە، بووەتە شوێنێکی گەشتیاریی بەناوبانگ لەسەر ئاستی جیهان.
وتەبێژی سەرۆکایەتی ماڵدیڤ رایگەیاندووە، “محەمەد مۆیزۆ، سەرۆکی ماڵدیڤ بڕیاریداوە رێگەنەدرێت گەشتیارانی ئیسرائیل سەردانی وڵاتەکەمان بکەن”.
هاوکات سەرۆکی ماڵدیڤ هەڵمەتێکی نیشتیمانیی بۆ کۆکردنەوەی هاوکاریی بۆ دانیشتووانی کەرتی غەززە راگەیاندووە.
وتەبێژی سەرۆکایەتیی ماڵدیڤ داوا لەو ئیسرائیلیانە دەکات لە وڵاتەکەدان، بەزووترین کات ماڵدیڤ جێبهێڵن و دەڵێت، “ئەگەر دووچاری دۆخێکی دژواربوون، ناتوانین یارمەتیتان بدەین”.
لە بەرامبەردا، وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل داوا لە هاوڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات چیدیکە سەردانی ماڵدیڤ نەکەن.