بە بۆنەی پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەوە لە پەرلەمانی عێراق، رۆژی دووشەممە 12-6-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا پیرۆزبایی ئاراستەی هاووڵاتییانی عێراق، سەرۆکایەتی و ئەندامانی پەرلەمانی عێراق کرد.
سوودانی دەڵێ، “ئەو بودجەیەی، ئەنجوومەنی وەزیران لە 13ـی ئادار دەنگی لەسەر داوه، ئەو كاره لهپێشینانهی لەبەرچاو گرتووە کە پهیوهستن به پێداویستییە سەرەكییهكانی تاک و خێزان و بژێویی هاووڵاتییان؛ حكومهت هەوڵدەدات خواستەکانیان بهوهی چاوەڕێی دەکەن لە حکومەت، بهدیبهێنێت لە پڕۆژەکانی خزمهتگوزاری و ئاوهدانكردنهوه و ژێرخانی ئابووریدا”.
سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، بە پێشكێشكردنی بودجەی سێ ساڵی، حکومەتەکەی داكۆكی لهسهر دیدگەی چاکسازی كردووە. ئەم دیدگایە کەمکردنەوەی خەرجییەکانی کارکردن و پەرەپێدان به داهاتە نانەوتییەکان و پشتگیریکردنی کەرتی تایبەت دووپاتدەکاتەوە.
سوودانی باسی لەوەش کردووە کە حکومەتەکەی پێداچوونەوە بەو بڕگانەی پڕۆژەیاساکەدا دهكات کە دوای دەنگدانی ئەنجوومەنی وەزیران، بە پڕۆژەیاسای بودجە لە پەرلەماندا هەموار کراون و دواتر پەسندکراون.
بڕی ئەو پارەیەی بۆ بودجە تەرخانکراوە بۆ ساڵێک، نزیکەی 199 تریلیۆن دینارە و 16 تریلیۆن دینارىش لەو بڕە، پشکى هەرێمە.